کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڵاوێکی دیکەی بەناو نوێنەرانی مەجلیس کە لەسەر خەڵکیان نا

11:04 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ماوەیەکی دوور و درێژە کە بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم بانگەشە بۆ کار کردن و پەسندکردنی گەڵاڵەیەک لەمەڕ سازکردنی ناوچەی ئازادیی بازرگانی لە چەند شاری کوردستان دەکەن کە دواجار دەرکەوت هەموو ئەمانە تەنیا فڕوفیشاڵ و قسەی ناڕاست بوون و لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی ئیزن بۆ جێبەجێ بوونی پڕۆژەی قازانجهێنەر بۆ گەلی کورد بە ڕەوا نازانێت.

عەلی ئەکبەر کەریمی، بەناو نوێنەری ئەراک لە مەجلیسی ڕێژیم سەبارەت بە دانیشتنی تایبەتی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس کە دوێنێ ١٥ی ڕەزبەر بەڕێوەچوو سەبارەت بە ڕەدکردنەوەی گەڵاڵەی دامەزراندنی ٨ ناوچەی ئازادی بازرگانی لەلایەن کۆڕی هەڵسەنگاندنەوە قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم گەڵاڵەیە بەتەواوەتی دژ بە سیاسەتە گشتییەکانی نیزامە!

ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن کەسانێکی وەک موحسێن بیگلەری بەناونوێنەری سەقز و بانە و فەرهاد تەجەری بەناو نوێنەری قەسری شیرین لە مەجلیسی ڕێژیم پاڵپشتی لێدەکرا و ماوەیەکی دوور و درێژە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت کە گوایە لە سنوورەکانی مێهرانی ئیلام، بانە و مەریوان لە پارێزگای سنە و سنووری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان ناوچەی ئازادی بازرگانی – سەنعەتی دادەمەزرێت، بەڵام بەپێی دوایین هەواڵەکان لەلایەن کۆڕی هەڵسەنگاندنەوە ڕەد کرایەوە و ئاوی پاکی کرا بەسەر دەستی خەڵکی فریوخواردوو.

شارەزایەکی کاروباری ئابووریی کوردستان لەمبارەوە دەڵێ: "بوونی ناوچەی ئازادیی بازرگانی لە کوردستان کە چەندین خاڵی سنووریی هەیە، زەربەیەکی قورسە لە سەر پەیکەرەی ناوەندی دەسەڵات چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری ئابووری.

ئەگەرچی مەبەستی ڕێژیم ئەوە نییە ناوچەی ئازادی بازرگانی لە کوردستان بکاتەوە، بەڵام بانگەشەکەی بۆ ئەوەیە سفرەی مۆرەکانی خۆی ڕەنگین بکات و خۆراکێکی فکریش بە ئیسلاح تەڵەبەکان بدات".

ناوچەی ئازادی بازرگانی بە ناوچەیەکی سنووردارکراو و پارێزراوی کەنارئاوی (بندر) و غەیرە کەنارئاوی (غیربندری) دەگوترێت کە هەندێک یاسا و ڕێسای جێبەجێ‌کراوی وڵاتی بیانی لەخۆ دەگرێت کە بە بەهرەمەندی لە هەندێک قازانج، وەک وەرنەگرتنی ماڵیات، وەرنەگرتنی قازانج و پارەی گومرک، نەبوونی بوروکراسی ئیداری بۆ وەرگرتنی پاره و هەروەها نەبوونی یاسا و ڕێسای دەست‏وپێ‏گیر و ئاسانکاری بۆ بازرگانی و سەرمایەگوزاریی بیانی و هەناردە و هاوردەکردنی شتومەک بۆ گەشەپێدانی وڵاتێک کەڵکی لێوەردەگیرێ.

بەم پێیە سازکردنی وەها ناوچەیەک لە پارێزگاکانی کوردستان دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی و سیاسی، کە هەر بەم هۆیەش کۆماری ئیسلامی ئیزنی جێبەجێکردنی نادات بۆیە دەبینین پاش چەند ساڵ وادە و بەڵێن و درۆ و دەلەسە دواجار بڕیاری ڕەدکردنەوەی گەڵاڵەکە دەرکرا.

هەنووکە لە ئێراندا ٧ ناوچەی ئازاد، بوونیان هەیە کە بریتین لە: ناوچەی ئازادی کیش، قێشم، چابەهار، ئەرەس، ئەنزەلی، ئەروەند و ماکۆ کە وەک داینەمۆی ژیان لەو ناوچانە سەیر دەکرێن.