کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ئێعترازییەکان لە ئێراندا بەردەوامییان هەیە

18:13 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بنەماڵەی کرێکارانی دەسبەسەرکراوی گروپی فولاد بۆ چەندەمین جار لە بەردەم بینای پارێزگاری خوزستان کۆبوونەوە و بە سەدان خوێندکاری بەشی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئازادی تاران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، لە کاتێکدا ١٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی کرێکارانی فولادی ئەهوازدا تێپەڕی، ژمارەیەک لە کرێکارانی ئەم کارخانەیە لەگەڵ بنەماڵەی کرێکارانی دەسبەسەرکراو لە بەرانبەر بینای پارێزگاری خوزستان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گرتنی هاوکار و ئەندامانی بنەماڵەکانیان کۆبوونەوە.

٤٢ کرێکاری گروپی میلی فولادی ئەهواز لە ماوەی ڕۆژەکانی ٢٥ هەتا ٢٧ی سەرماوەز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەرکران و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەهواز یان گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزران، کە ٣٥ کەس لەم کرێکارانە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دانانی وەسیقە یاخود "کەفالەت" ئازاد کران، بەڵام هێشتا ٧ کەسی دیکەیان لە زینداندان.

لەلایەکی دیکەشەوە، خانەنشینکراوانی زانکۆی پزیشکی مەشهەد بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە "نەدانەوەی پارە وەدواکەوتووەکان" و پاداشتی خانەنشینکراوییان، ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار لە بەرانبەر زانکۆی پزیشکی مەشهەددا کۆبوونەوە.

خۆپیشاندانی خانەنشینکراوانی ئەم زانکۆیە لە کاتێکدا بووە کە زانکۆی پزیشکی مەشهەد باڵەخانەیەکی لە ژێر ناوی "بورجی سپی"  بە تێچووی نزیکەی ٤٠ هەتا ٥٠ میلیاردی لە شەقامی خاقانی مەشهەد دروست کردووە.

لەهەمان ڕاستادا، ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار، بە سەدان خوێندکار لە بەشی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئازادی تاران لەگەڵ بنەماڵەکانی خۆیان و قوربانیانی ڕووداوی هەڵگەڕانەوەی ئوتوبووسی خوێندکاران، کە چەند ڕۆژ لەمەو پێش ڕوویدا و بووەهۆی مردنی ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە، لە پارکینگی ئەم زانکۆیەدا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان لەهەمبەر کێشە ناوخۆییەکان و بەڕێوەبەری خراپی ئەم بەشە نیشان دا.

مامۆستایانی ئێرانیش لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم دووجار بە بایکۆت کردنی هۆڵەکانی خوێندن ناڕەزایەتییان لەبەرانبەر دۆخی خراپی ئابووریان دەربڕیوە، مامۆستایان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە هیچ کام لە داواکارییەکانیان هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.