کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سوێد

16:09 - 5 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: هەڵسەنگاندنی دۆخی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و هەلومەرجی جیهانیی نەتەوەی کورد و کۆمەڵێک باسی پیوەندیدار بە کاروباری تەشکیلاتی لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سوێد لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە بە سرودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وێڕای دەربڕینی خوشحاڵیی خۆی لەمەڕ دیداری ئەندامانی حیزب، گوێبیستی را و بۆچوون ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بوو و بۆ خۆشیان چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد

مستەفا هیجری سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران پاش گوشارە ئابوورییەکانی رۆژئاوا، وتی: گوشارە ئابوورییەکان رێژیمی ئێرانی ناچار کردووە مڵکەچی داخوازییەکانی رۆژئاوا بێت، بەڵام ملدان بە داخوازییەکانی رۆژئاوا نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی سەرکوت و توندوتیژییەکانی رێژیم لەهەمبەر خەڵکی ئێران و زەبر و زەنگ، ئیعدام و ئەشکەنجە و زیندانی کردنیش نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو زیادی کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەر لایەنێک لە رێژیمی ئیسلامیدا لەسەر کار بێت، ئاڵوگۆڕ لە ناوەڕۆکی ئەو سیستەمە پیک نایەت و تەنیا تەمەنی رێژیم درێژتر دەکاتەوە.

هیجری وتی: پاش هاتنە سەر کاری رۆحانی وەکوو سەرکۆماری رێژیم، رێژەی توندوتیژییەکان زیادیان کرد، چونکە رەخساندنی هەلی کرانەوە و ئازادی لە ناوخۆی ئێراندا ریژیم بەرەو رووخان دەبات، لەبەر ئەوە گەلانی ئێران تەحەمولی ئەو رێژیمەیان نەماوە و بۆ هەلێکی گونجاو دەگەڕن هەتا ئەو رێژیمە بڕووخێنن.

سکرتێری گشتیی حیزب هەروەها ئاماژەی بەو گەندەڵییانە کرد کەلە ئابووریی ئێراندا بەدی دەکرێن، هۆکاری سەرەکیی ئەمەشی بۆ یاسامەند نەبوونی ئابووریی ئێران گەڕاندەوە کە بە بوونی رێژیمێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی مومکین نییە یاسامەند بکرێت.

مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی لەسەر رەوشی کورد لەهەر چوار پارچەکە کرد و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کورد لە هیچ قۆناغێکی مێژووییدا هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە و دۆزەکەی لە ئاستێکی جیهانیدا ناسراو نەبووە، هۆکاری ئەمەشی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە: یەکەم ئاستی ئاگاهی کورد بەرامبەر بە دۆزەکەی خۆی یەکجار بەرز بووەتەوە، پاشان ئەو گۆڕانکاری و شۆڕشانەی لە ناوچەکەدا روویان دا بە خەڵکیان نیشاندا کە هەموو دەسەڵاتێکی چەوسێنەر دەکرێت بە ئیرادەی قورس و قایمی گەل بڕووخێنرێت.

هۆیەکی تری ئەمەشی بۆ ئاشنابوونی رای گشتیی جیهانی بە دۆزی کورد گەڕاندەوە.

هەر لەم بەشە لە وتەکانیدا، سکرتێری گشتی حیزب ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئورووپا لە قەڵەم دا و هیواشی خواست هێزە کوردییەکان بە یەک دەنگ و بە یەکگرتووی کار بکەن بۆ پێشڤەچوونی ئەم پرۆسەیە.

سەبارەت بە کوردستانی عێراق جەختی کردەوە کە بوونی حکوومەتی هەرێم لەم پارچەیەدا دەستکەوتێکی مێژووییە و وەکوو دەشبینین پرۆسە دێموکراتیکەکان لەم پارچەیەدا ساڵ لە دوای ساڵ گەشە دەکەن و سیمای دیمۆکراتیکتر بە خۆیەوە دەگرێت.

بەشێکی تری وتەکانی هیجری تایبەت بوو بە کوردستانی سووریە و ئەو هەلە زێڕینەی بۆ کوردانی ئەم پارچەیە رەخساوە، هیوای خواست، لە جیاتی تاکڕەوی سیاسی، رێگە بدرێت بە هەموو هێزە کوردییە ئازادیخوازەکان بۆ ئەوەی لە بەرەو پێشبردنی دەستکەوتەکانی ئەم پارچەیەدا بەشدار بن.
تەوەرێکی تری وتەکانی سکرتێری گشتی تەرخان کرابوو بۆ باسکردن لە رەوشی کورد لە کوردستانی ئێران، کە تیایدا ئاماژە بە رێژەی یەکجار زۆری بێکاری لە کوردستانی ئێران و بەرزبوونەوەی ژمارەی زیندانی و ئەشکەنجەکردنی چالاکڤانانی کورد کەلە هاتنەسەر کاری رووحانییە نەک هەر کەمی نەکردووە بگرە زۆر زیادیشی کردووە.

مەسەلەی تەشکیالت و کاروباری حیزبی تەوەرێکی تری وتەکانی هیجری بوو کە تیایدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کۆمیتەی ناوەندی لە ئاستێکی زۆر باشدا کاری کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لەلایەن کۆنگرەوە خراوەتە ئەستۆیان. لەم پێوەندییەشدا باسیان لە پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ هێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێران و پارچەکانی تری کوردستان کرد کە بە پێوەندی یەکجار ئەرێنی و بنیاتنەر وەسفی کردن.

بڕگەیەکی تری ئەم کۆڕە تەرخان کرا بۆ سەرنج و پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوان کە تیایدا ژمارەیەکی بەرچاویان بە بۆچوون و پێشنیار و سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، کە لە دوا بەشی کوڕەدا مستەفا هیجری وەڵامی هەموو پرسیار و سەرنجەکانی دایەوە و جارێکی تر خۆشحاڵی خۆی بە نوێ کردنەوەی دیدار لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سوێد دەڕبری.