کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی کرماشان و ئەردەبێڵ

11:50 - 21 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی ئێران لەهەمبەر بارودۆخی نالەباری ئابوورییان، بەشێک لە مامۆستایانی کرماشان بۆ جاری دووهەم و مامۆستایانی ئەردەبێڵیش، دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین.

بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان رۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە لایەن مامۆستایانی لە سەرکار و بەشێک لە مامۆستایانی خانەنشین کراوی کرماشانەوە، دژ بە بارودۆخی نالەباری ئابووری بەڕێوە چوو کە هاوشێوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئەردەبێڵیش بینراوە.

بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە دروشمگەلێکی وەک: "دەوڵەت غەدداری دەکا ومەجلیس پشتگیری دەکات"،"ئیختلاسێک کەم ببێ، کێشەی ئێمە چارەسەر دەبێ" ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر بارودۆخی نالەباری ئابووری دەربڕی و هەروەها بە بەدەستەوە گرتنی پلاکاردگەلێک داواکاری "پەروەردەی خۆڕایی بۆ تەواوی خوێندکاران"،"ئازاد کردنی مامۆستایانی زیندانی"و هەروەها "نۆژەن کردنەوە و ئیمن کردنەوەی قوتابخانەکان" بوون.

جێی باسە یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکان، داواکاری بۆ مووچەی پاشکەوتووی خانەنشینان بوو کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی وەرگرتنیانن؛ دەوترێ ئەم ناڕەزایەتییانە بەپێی بانگهێشتی لە پێش راگەیەندراو هاتوونەتە ئاراوە.

مامۆستایانی ئێرانیش وەک سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە بارودۆخی نالەباری ئابووری و وەدواکەوتنی مووچە و پێنەدانیان، وەزاڵە هاتوون و لە هەموو شارەکانی ئێران دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی کە لە هەندێک لە شارەکان دووبارە و سێ بارە کراوەتەوە و کرماشانیش یەک لەو شارانەیە.