کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی فوولادی ئەهواز بەردەوامە

12:41 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی ناڕازیی فوولادی ئەهواز، یەک مانگە بە شێوەی بەردەوام لە هەمبەر باری خراپی ئابوورییان و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە کێشەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، یەک مانگە کە لە بەرانبەر دۆخی خراپی ئابوورییان و دواکەوتنی مووچەکانیان لەسەر داواکارییەکانی خۆیان سوورن و هەتا ئەمڕۆ (دووشەممە ١٩ی سەرماوەز) درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان داوە.

کرێکارانی ناڕازیی ئەهواز، ڕۆژی دووشەممە لە بەردەم فەرمانداریی ئەهوازدا، لە دروشمەکانیان بەرپرسانی ڕێژیمیان لەو پارێزگای بە کەسانی نەشیاو ناو بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی شاری ئابادانیش، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوەز، بە نیشانەی ناڕزەایەتیدەربڕین لە هەمبەر دۆخی خراپی ژیانیان، لە کۆکردنەوەی زبڵەکانی نێو شار خۆیان بورادووە.

ئەم دژکردەوەیە کە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئابادانیشی بەدواوە بووە، بە هۆی دواکەوتنی سێ هەتا شەش مانگ مووچەی کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری و خاوێنکردنەوە هاتووەتە ئاراوە.