کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئینترناسیوناڵ سووسیالیست بەڕێوە چوو

12:02 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی ئینترناسیوناڵ سووسیالیست، بە بەشداریی دەستەی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە مەقەڕی نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری ژنێڤی سوویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ و ٦ی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤدا، کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی شۆرای ئەنترناسیوناڵ سووسیالیست بە بەشداریی پارتە سووسیال دێموکراتەکانی سەرتاسەری دونیا بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەی نۆێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ‌حیزبە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون.

لە سەرەتای کردنەوەی کۆبونەوەکە، سەرەتا "جۆرج پاپاندریو" (George Papandreou) سەرۆکی ئینترناسیوناڵ سووسیالیست وتارێکی پێشکەش کرد.

دوا بە دوای قسەکانی سەرۆکی شۆرا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان "مایکڵ مۆلر" (Michiel Moller) و "لۆیس ئایالا" (Luis  Ayala  ) سکرتێری گشتیی ئینترناسیناڵ سووسیالیست قسەیان کرد. دواتر ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی هەمیشەیی و چاوەدێری شۆرا وتاریان پێشکەش کرد.

تەوەری سەرەکیی بابەتەکانی ئەمجارەی ئینترناسیوناڵ سووسیالیستی بریتی بوون لە:

ـ ڕۆڵی سووسیال دێموکراسی لە چارەسەریی ناکۆکییەکان و لە ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەییدا

ـ لادانی لەمپەرەکانی سەر ڕێگای دێموکراسی لە سەرتاسەری دنیادا، بە مەبەستی دابینکردنی ئازادی و مافە گشتییەکان.

ـ وڵامدانەوە بە گوێرەی بەها و پرنسیپە مرۆیییەکان بۆ کۆچبەریەتی لە ئاستی جیهانیدا و بۆ ئازارەکانی پەنابەران.

لەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیەدا ژمارەیەک بەیاننامە لەمەڕ بابەتە گرینگە هەنووکەیییەکانی دنیا خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:

ـ کۆچبەریی جیهانی و چارەنووسی پەنابەران، چارەسەریی ناکۆکییەکان لە ئافریقا، کێشەی فلستین، گەلی کورد، نیکاراگوا، نیمچە دوورگەی کورە، مالیی و وێنێزۆئێلا.

ـ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا،  بڕیارەکانی ئینترناسیوناڵ سووسیالیست سەبارەت بە وەرگرتن یان وەرنەگرتنی داواکاریی چەندین حیزب، خرانە بەرباس و وتووێژەوە.

لە کۆبوونەوەکانی ئەمجارەدا، چەند بڕیار لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەی کورددا دران کە بریتین له:

ـ پەسەندکردنی گەڵاڵەیەک، کە لە لایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە ئامادە کرابوو، کە تێیدا ئاماژە بە دۆخی سیاسیی هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان کرا بوو. 

ـ هەروا بڕیار بە کاراکردنەوەی کۆمیتەی حیزبە کوردستانییەکانی بەشدار لە ئینترناسیوناڵ سووسیالیست درا.