کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باشوور دەچێتە گەرووی هورمۆزەوە

17:21 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کۆرەی باشوور لە هەوڵدایە تا بۆ پشتیوانیی ئامریکا و بە مەبەستی پاراستنی تەناهیی کەشتیڕانی لە کەنداو و دەریای عوماندا، ناوگانێکی شەڕکەر بنێرێتە گەرووی هورمۆز.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژنامەیەکی کۆرەیی لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆرەی باشوورەوە نووسیویەتی کە ئەو وڵاتە لە هەوڵدایە یەکەی دژە چەتەی دەریایی "چێئونگ هائە"، کە لە ئێستادا لە سوومالیدایە، بۆ گەرووی هورمۆز بەڕێ بکات.

کۆرەی باشوور، لە پشتیوانی لە داخوازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ پاراستنی تەناهیی کەشتیڕانی لە گەرووی هورمۆزدا، دەیەوێت ئەم ناوگانەیە بەڕێ دەکات.

سەرەڕای ئەوەش، وەزارەتی بەرگریی کۆرەی باشوور ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە سەرقاڵی تاوتوێکردنی بارودۆخەکەیە، بەڵام هێشتا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی سەبارەت بەو بابەتە نەداوە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان، حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئامریکا داوا لە وڵاتانێک وەک: "ژاپۆن، کۆرەی باشوور، فەرانسە، ئاڵمان و ئوسترالیا" و وڵاتەکانی دیکەش دەکات تا لە پاراستنی گەرووی هورمۆزدا هاوکاریی بکەن.