کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆرەی باشوور هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە بەتەواوی ڕاگرتووە

11:15 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆرەی باشوور هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە بەتەواوی ڕاگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، کۆرەی باشوور کە پێنجەمین وڵاتی هاوردەکردنی نەوت لە جیهانە، کڕینی نەوتی لە ئێرانەوە ڕاگرتووە و نەوتی خۆی لە وڵاتانی: "عەرەبستان، کوەیت و ئامریکا" دابین دەکات.

ئامارەکانی گومرۆگی کۆرەی باشوور نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو وڵاتە هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە بەتەواوی ڕاگرتووە. ئامارەکانی هاوینی ئەمساڵ دەریدەخات کە کۆرەی باشوور ماوەی ٥ مانگە کە هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران بەتەواوی ڕاگرتووە.

لە ئیستادا، لە ڕاستای کەمپەینی گوشارە لەڕادەبەدەرییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەشێکی زۆر لە پیشەی پێترۆشیمی و بانکی ناوەندیی ڕێژیم، چووەتە نێو ڕیزبەندی گەمارۆکانەوە.

 ''سیگال مندلکەر''، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا پێشتر ڕاگەیاندبوو کە واشنتۆن گەرمارۆکانی بۆ سەر ئەو کەسانەی کە نەوت لە ڕێژیمی ئێران دەکڕن یان لەگەڵ سپای پاسداراندا مامەڵەی بازرگانی دەکەن، دریژە پێ دەدات و لە کەسیش خۆش نابێت.

''سیگال مندلکەر'' جەختی کردەوە کە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا، فرۆشی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

هەروەها، "برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، لە مانگی پووشپەڕدا ڕایگەیاند کە هیچ لێبووردنێک لە گەمارۆکانی دژ بە کڕینی نەوتی ئێران بە وڵاتان نادرێت و کڕیارانی نەوتی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە تەحریم دەکرێن.