کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمار و ئەڤین - بەشی دووهەم

12:09 - 28 رێبەندان 2718

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "مژاباد"ی جان دۆست

شەریف فەلاح

(بەشی دووهەم)

با: ئەو دیاردە سروشتیەیە کەلە ئەدەبدا زۆر بەکار دەهێنرێ و لە کولتووری کوردیشدا چەند ناوچەیەک بە بای زۆر بەناوبانگن، وەک "ڕەشەبای سلێمانی، بای کۆیە" و هەر بایەکیش ناوی جیاوازی هەیە وەک: "ڕەشەبا، شنە، زریان، گێژەڵووکە، زەلان، شەماڵ و...". لە مژاباددا، "کەریم شکاکی نێچیرڤانی بایەکان"، لەم تێکستەدا ئاماژەیە بۆ ئەو ئاڵۆگۆڕ و ئاراستە سیاسییانەیە کە کورد بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو بایانە چۆن و کەی و لەکوێوە دێن، ئاشقانە خۆیان ئەدەنە دەم "بای قەدەر"ەوە. لە مژابادی کۆماردا ڕەشەبایەک هەڵیکردووە، دەوار و ئەستووندەکی و چوار پەلی کۆماری خستۆتە شەکە، وەلێ ئیرادە و باوەڕ و ئەشق بە ژیان لەلایەک و بیرتەسکی و چوارچێوەداربوونی فکرەکان و یاری و ململانێی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا ناهێڵێ هەڵسووڕێنەرانی کۆمار (با)کان بناسن. تەنیا کەریم و عومەر خانی شکاک و سەرۆک هۆزە بەرژەوەندیخوازەکان کە بە هەموو (با)یەک شەن دەکەن و "با"یەکان دەناسن.

ئاو: ئاو مایەی حەیات و ژیانە، لە فەرهەنگی کوردیدا دەڵێن "ئاو و ئاوەدانی"، جان دۆست لە مژاباددا زۆر بە جوانی و ڕەمزییانە مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە. کارەکتەری ئەمیراڵ ئاغا (بارین) کە هێمای ئاوە و هەر لە سەرەتای ژیانییەوە دایک و باوکی لە ئاویان دوور خستۆتەوە و بە گوتەی شێخێک پێیان وابووە ڕۆژێک بە ئاو دەخنکێ، ئەو لەلای خەڵک کە بە شێت دەناسرێت و گوێ بە قسە و هاوار و دادەکانی نادەن، لەڕاستیدا دەوری ئاقڵ و زانایەکی ڕاستەقینە دەگێڕیت لە پێستی شێتدا. (مەهاباد بەبێ دەریا نابێ، ئەگەر ئێستا بەندەرێکی هەبوایە، تووتن لە کەشتییەکان بار دەکرا. ل ١٣٩ و ١٤٠). بارین ئاشق و ئۆگری (ئاو) و ڕۆژانە بە سەتڵێکەوە سواڵی ئاو دەکات و دەیهەوێ چەمی سووری مەهاباد بکاتە دەریا و لای وایە هەتا دەستمان بە ئاو ڕانەگات، کۆمار سەرکەوتوو نابێ. ئەو پێکەنینین بە گەشبینییەکانی خەڵک دێت کە ئەرخایەن دانیشتوون و بیر لە بێ (ئاو)ی ناکەنەوە. سەرەنجام ئەمیراڵ ئاغا چارەنووسی وەک کۆمارە ساواکە دەبێتە دڵۆپێک و لەگەڵ چەمی سوور تێکەڵ دەبێت.

ڤۆدکا: یەکێکی دیکە لە مۆتیڤە مژاباد، ڤۆدکایە، ڤۆدکاش کە بەرهەمی وڵاتی ڕووسیایە، لەم ڕۆمانەدا هێماییانە لەلایەن باپیرەی (بادین) و (ئاگۆپ)ی مەیفرۆش کە هەردوویان ئەرمەنین، کاری لەسەر کراوە. باپیرەی (بادین) کە سارد و گەرمیی ڕۆژگاری چەشتووە و لە زۆر شوێن و شۆڕشی کورد وەک: "باکوور، باشوور، بەغدا، تاران، ڕۆژهەڵات" بەشدار بووە و ئەزموونی زۆری هەیە و درۆ و ڕاستییەکان دەزانێت، پشتی لە هەموو شتێک کردووە و ژیان لای ئەو "وێنە" و خواردنەوەی ڤۆدکا و ڕابوارنە و هیچ شتێکی دیکە لەلای مانای نییە و تەنیا دارایی و داهاتی ژیانی شووشەی ڤۆدکایە. باپیرە، بە تانە و توانج و جنێو وەڵامی باسە جدییەکانی (بادین) دەداتەوە و گاڵتەی بە گەشبینییەکانی دێت و هانی دەدات لە ڕاستییەکان تێ بگات و لە دانیشتن و خواردنەوەکانیدا لەگەڵ ئاگۆپ، گاڵتەیان بە ژیان دێت و هەموو باسێکیان دەڕواتەوە سەر خوادنەوە و ڤۆدکا و ڕووسیا و دەڵێت "تەنیا لەبەر ڤۆدکا ڕووسیام خۆش دەوێ، ئەگەر ئەڵمانیا ڤۆدکای هەبایە، دەبوومە نازی". ئەم دوو کەسە کەلە کەمینەکانی کۆمار و مەهابادن، تێکەڵی ژیان و کولتووری کوردان بوون کار و ڕەفتار و خەیاڵ و ئایدیای ئەم دوو کارەکتەرە گەلێک واتا و مانای دیکەیان لە پشتە. کاتێک ڕووسیا هەموو تووتنی مەهاباد دەبەن و بۆ خۆشیان دەکشێنەوە، دەبێتە قات و قڕیی ڤۆدکا و ژیانی ئەمانیش بێ ڤۆدکا تاڵ دەبێت. (باپیرم هێشتا تووڕە بوو، ڕووی لە ئاگۆپی داماو کرد و گوتی: ئاگۆپ! سێ  ڕۆژ مۆڵەتت پێ دەدەم، هات و ڤۆدکات پەیدا کرد، تۆ باوکمی، ئەگەر نا ئەز هەردوو گونەکانت دەتەقێنم) ل. ١٨٨. باپیرە هێندە نوقمی مەستی و ڕاستییە و دەیهەوێ خەمەکان بشارێتەوە، (خۆشەویستیی باپیرە بۆ کورد و کۆمار و پێشەوا لە نامە و وەسیەتەکەیدا بۆ بادین دەردەکەوێ) دەزانێ بە ڤۆدکاش دەمرێت، وەلێ هەر دەخواتەوە، دەخواتەوە و ڕادەبوێری لە گیانەڵا و دەمە مەرگیشدا سەرەڕای بەرگریی پزیشک و سیستەریش، لەباتی ئاو داوای ڤۆدکا دەکات و بەدەم چاوتێبڕین لە کچە پەرستارەکە ماڵاوای دەکات. ئاگۆپیش ڕێبازی باپیرە بەر نادات و دوای مەرگی بە یەکجاری تێک دەچێت هێندە دەخواتەوە، هانای لێ دەبڕێت و هەموو ڕۆژێک چەند شووشە ڤۆدکا لەسەر قەبرەکەی باپیرە دەخواتەوە و لە کۆتاییدا خۆی بە شووشەی لەسە گۆڕەکەی باپیرە دەکوژێت.

مژ: دیاردەکانی کەشوهەوا، سروشت و بەگشتی ژینگە و جوغرافیا لە مژاباددا دەوریان زۆرە و یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم ڕۆمانەش ئەو وەسف و پەسنە جوانانەیە بۆ شوێنەکان کراوە. مژیش وەک مۆتیڤێکی باڵا لە پشت مانا و کاریگەرییە ژینگەیەکەی خۆیەوە چەند واتا و دەور دەگێڕێت. بەو پێیەی ناوی ڕۆمانەکە (مژاباد)ە، خۆی هەڵگری ئەو تەمومژە خەستەیە کە بەسەر مێژووی کوردەوەیە و پێش چاوی هەموانی گرتووە و نا‌هێڵێ بەرچاوی خۆیان ببینن و ئەو ئاسۆیەی کە شۆڕشەکانی کورد ئەسپی هیوای بۆ تاو دەدەن، لەناو "مژ"ی سەر مەهاباددا ون بوون و ئەم تەمەش دوای زیاتر لە حەفتاو سێ ساڵ هەر ناڕەوێتەوە!. مژ، چارەنووسی گشتمانە، چارەنووسێکی نادیار، لێڵاییەکی خەست کە پێش چاومانی گرتووە، ئەم تەمومژە لە دێرسیم و بازیان و سلێمانی، بارزان و مەهاباد نابڕێتەوە. شۆڕش و کۆمار لەناو مژدا گیان دەدات و ئێمە هەرچەند پەل دەکوتین و (تفەنگ بە تاریکییەوە دەنێین)، سواری ئەسپی هیوا بووین و ئاسۆمان لێ ون بووە. هەرچەند بێ دەریا و بەندەر و کەشتین، وەلێ تەم لێمان ناگەڕێ و مژێک هەڵمانی گرتووە و ناگەینە کەناری ئارامی. مژ و مەهاباد و هیوا سێیانەی شۆڕشی کوردن. مژ بەرەو کەساسی پەلکێشمان دەکات و مەهابادیش هەرچەند بێشکەی کۆرپەی هیوامان ڕادەژێنێ، وەلێ تفڵی دڵمان بۆی ژیر نابێ. لە لاپەڕە ٢٦٣دا دەڵێت: (ئەو ڕۆژەی هاتیتە مەهاباد، لەو ڕۆژەوە تەمومژی خۆی بە دەوری تۆ و گیان و ڕۆژەکانت و شاری مەهاباددا وەرپێچاوە، چیتر بەرپێی خۆتت نەدەبینی، هەموو شوێنێک مژ بوو، تۆ لە مژاباد بووی.

 گوریس: یەکی دیکە لەو دەستەواژانەی لە "مژاباددا" ڕەمزییانە کراوەتە هێما، وشەی (گوریس)، گوریس کە بەرهەمی خۆماڵی و پیشەی دەستە، وەک پەت و سێدارە بۆ کۆتایی ژیانی کۆمار و (پێشەوا) مانای پێ بەخشراوە. پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی کە جگەلە چنین و هۆنینەوەی ئامرازی مەرگ (گوریس)، بیر لە هیچ ناکاتەوە و سەری بەر داقەتەوە و لە دووکانێکی تاریک و نووتەکی ناو بازاڕی مەهاباددا، حەزی لێیە هەر ڕۆژە کەسێک بە دارەوە بکرێت و بازاڕی ئەمیش گەرم ببێت. ئەو لەوە تێناگات بەم گوریسانە کۆمار دەخنکێن، کاتێک ئەفسەرێکی حکوومەت خۆی بە دووکانەکەیدا دەکات و داوای سێ گوریس دەکات و پێشنیار دەکات لەناو زەیت بۆ ماوەیەکی زۆر بیهێڵنەوە، ئەمە دەربڕی دەرد و ژانێکی خۆییە، ئەمە ڕازاندنەوەی کۆڕ و مەجلیسی مەرگە بەردەستی خودی کورد، ئەمە هەڵکۆڵێنی جەستەی داری نیشتمانە بە (خورە و هۆرە)ی خۆیی. ئەو سێ گوریسەی پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی بۆ (پیشەوا، سەیف و سەدری قازی)یە. لە لاپەڕە ٢٥١دا بادین دەڵێت: (نازانم بۆچی هەرکە باسی پێشەوا دەکرێ، گوریسیم بە بیردا دێن، بۆنی گوریسان – لەبری سووتان – لە وشەی پێشەواوە دێت، ناوی پێشەوا خۆی، هۆنینەوە و بادانی گوریسانم دێنێتە بەرچاو. گەلۆ قەت مومکینە ئەو عەجەمانە ملی ناسکی پێشەوا بە گوریسێکی بە زەیتکراەوە بکەن؟) گوریس چارەنووسە، ئەو چارەنووسەی کە کولتووری خێڵ و عەشیرە نەیهشێت بەرژەوەندیی نیشتمان ببینن و ژێر بە ژێر پشتیان لە پێشەوا و کۆمار کرد و هەرکامەیان بە جۆرێک گورسییان بۆ کەلەپچە و خنکانی کۆمار چنی. لە شوێنێکی دیکەدا ئاوا وەسفی چیرۆکی گوریس دەکات: "پیری گوریسفرۆش لە قووڵایی دووکانەکەیدا بوو، وەکوو هەر جار گورسێکی دەهۆنییەوە و بای دەدایە سەر یەک، دوای سڵاوکردن، گوتم: خۆزگە دەمزانی تۆ چی دەکەی؟ هەر گاه و بەردەوام تۆ ئەم گوریسە با دەدەیتە سەر یەک و دەیهۆنییەوە." وەک هەموو جار بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە، گوتی: "وەک خۆت دەڵێی گەنجی نیوە ئەرمەنی، کە من گوریسان با دەدەمە سەر یەک و دەیانهۆنمەوە تۆ نازانی چەندە کار بە گوریس دەکرێت، جۆلانە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان لەسەر گوریس وەستاون، کەر دەرماڵەکانی پێوە گرێ دەدەن و وەکوو وەکوو تۆ پێیەکانیان بە ستوونی تەکیەخانەکان دەبەسترێنەوە، باری قڕشە و دار و باری هێسترەکانی پێوە گرێ دەدرێ، بەو دۆلکە و سەتڵانە دەبەسترێتەوە لە ئاویان لە ژێری بیرەکان پێ دەردەهێنرێ، بەهۆی گوریسەوە کەشتی و گەمییەکان لە کەنارەکان شەتەک دەدرێن،  ئەوەش بزانە کە بە ملی مرۆڤەکانیشەوە دەپێچرێن".١٢٩ل.

کارەکتەر: جان دۆست لە مژاباددا، لەبەر ئەوەی ڕەوڕەوی مێژوو و شۆڕشی کورد دەگێڕێتەوە، زۆرێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دەقە بۆ خوێنەر ناسراو و ئاشنان، بۆ لە گێڕانەوەدا کەمتر دەپەرژێتە سەر دنیابینی، خەیاڵ و ڕەوتی ژیانی ئەو کارەکتەرە ناسراوانە. "بادین" کە پاڵەوانی سەرەکیی مژاباد و هاوکات گێڕەرەوەی سەرەکیشە، زۆر بە جوانی بە خوێنەر دەناسرێت. هەر لە ژیانی باوکی (یوونس ئامێدی)یەوە بگرە، تا چۆنیەتی لەدایکبوون، مردنی دایکی، گەورەکردنی لەلایەن داپیرەی. یەکەم ئەڤینی بادین کە کچە پووریەتی، بە هۆیەکی نادیار شێت دەبێ، دوایی ئیدی کرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە دەبێتە ژیانی بادین چ وەک گێڕانەوەی سێ چیرۆکی ئەڤین و چەند شۆڕشی کورد کە خۆی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دوو مەیدانەیە و بۆ خۆشی گێڕەوەی سەرەکییە و هاوکات وەک مامۆستا و نووسەرێک ڕۆژانە ئەو بەسەرهات و سەربردانە دەنووسێتەوە. کارەکتەرەکانی "ژاڵە و مژدە" کەلە دوو شوێن – کاتی جیادا دەور دەگێڕن، هەڵگری ڕوانگەی مرۆڤ و شۆڕشی کوردە بۆ ژن. وەک چۆن شۆڕشەکانی وابەستە و گرێدراوی ئەو "با" و لایەنە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییانە بوون و لەناو "مژ" و خەونی بێ پلانیدا هەڵپڕووکاون و لە ڕیشەیان دراوە. وەک چۆن کۆمار دەکەوێتە بەر پلار و پیلانی نەیار و گێژەلووکەی بەرژەوەندی هەڵی دەتەکێنێ، ئاواش ئەڤینە بێخەوشەکانی بادین لەخشتە دەبرێن و بێ ئەوەی بزانێ سادە و ساکار و بە بەرچاوییەوە هاوبیرەکانی ئەڤینەکانی لێ داگیر دەکەن و سەری بێ‌کڵاو دەمێنێتەوە.

دوو کارەکتەری "باپیرە و ئاگۆپی مەیفرۆش"، وەک دوو ئەندامی نەتەوەی کەمینە لە مەهاباد، مەهابادی پڕ لە تەم و "مژ"دا ساردی و گەرمیی زەمانەیان چەشتووە، نائومێد و بێ هیوا بوون و تەنیا ژیان لە مەستی و خواردنەوەدا دەبینن. ئەو وێنای ئەو تیپە لە مرۆڤ دەکەن کە زۆر بە جوانی دەزانن چارەنووسی کۆمار چی بەسەر دێت و ڕووسیا و ئێران چ پیلانێکیان داڕشتووە و هەموو هەوڵیان تێگەیاندنی "بادین"ە و کاتێ ئەو نایهەوێ "واقیع" قەبووڵ بکات، دەیانەوێ بە تانە و توانج و جنێو و لە مەستیدا ڕاستییەکانی پێ بڵێن، وەلێ بادین هەر ڕەوتی ژیانی خۆی دەپێوێ، چونکە بادین ئاوێنە باڵانوێنی مرۆڤی کوردی گەشبین و خۆشباوەڕە و لەناو "مژ"دا گیری خواردووە و "با"و زریانەکان ناناسێت. "هاشمۆف هەستایەوە و بە تووڕەییەوە گوتی: "ئێوەی کورد بە سەرگەرمییەوە کیشەکان چارەسەر دەکەن، هەزار ساڵی دەوێ تا ئێوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدەگەن".

ئەنجام: مژاباد، هاواری خنکاوی شۆڕشێکی شەکەت و بریندارە، مژاباد زریکەی ئازاری مرۆڤێکی زامارە کە پەلێکی بەدەستی داگیرکەر و نەیارەوەیە و ئەو پەلەکەی دیکەشی زەدەی دەستی خەیانەت و دەردی ساڕێژنەبووی ناوخۆیە. ئەم دەقە لێک گرێدانی ئەڤین و شۆڕشی کوردە کەلە دووتوێی گێڕانەوەیەکی مێژوودا، باڵی دوو ئەڤین دەقرتێت. ئەڤینێک کە دەبێتە قوربانیی ئایدیۆلۆژیا و پاشان داگیرکەر و زلهێز بۆ سیخوڕی و شکاندنی شان و شکۆی شۆڕشەکان دەیکاتە ئامراز. لە مژاباددا وێنای بیری تەسکی خێڵەکی و عەشیرە دەکرێت کە لەلایەک دەبێتە خورەی گیانی کۆمار و لەگەڵ "تاران"ی نەیار دەست تێکەڵ دەکەن و لەلایەکی دیکەش پشت لە بەڵێن و سوێندی نیشتمانی دەکات و ئەڤینێک لەخشتە دەبات و بونیادی لێک هەڵدەتەکێنێ. ئاوابوونی ئەستێرەی ئەم دوو ئەڤینە هێندەی ڕووخانی کۆمار ئەستەم و دژوارە. زامی ئەم دڵشکان و دەستخەڕۆکردنە، هێندەی گوریس و پەتەکەی مل پێشەوا ئازاریان هەبووە. وەک دەڵێت: "ئەرێ مومکینە، مادام کەسێکی وەک موژدەی دڵناسک و ڕوونەرم و دلۆڤان بتوانێ ئەو دڵە بێخودانەم بداتە بەر کێردان و هەزار پارەی بکات، عەجەمیش دەتوانن پێشەوا بە پەتەوە بکەن مەگەر ج جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کۆمارێک لەبەین بچێ، یان ئەڤینێک بە سێدارەوە بکرێت؟"

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.