کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە تەحریمەکانی ئامریکا دژکردەوەی نیشان دا

11:28 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر دەسپێکردنەوەی تەحریم و گەمارۆکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی تاران، دژکردەوەی نیشان دا و خولی نوێی تەحریمەکانی وەک شەڕی ڕەوانی وەسف کرد.

شەوی ڕابردوو دەوڵەتی ئامریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی دووشەممەوە واتە ١٤ی خەزەڵوەر بەرامبەر لەگەڵ ٥ی نۆوامبر تەواوی گەمارۆ نەوتی و بانکییەکانی ئێران کە لە دەوڵەتی بەراک ئۆبامادا هەڵپەسێردرابوو، دەگەڕێنەوە و دەبێ جێبەجێ بکرێن؛ ئەم هەواڵە دژکردەوەی بەپەلەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: ئەوەیکە ئامریکا دەیکات تەنیا شەڕی ڕەوانییە بەدژی خەڵکی ئێران بەڵام سەرباری ئەوەش هیچ جێگەی نیگەرانی نییە و ئامریکا ناتوانێ هیچ کارێک بەرامبەر بە ئێمە بکات چوونکە ئێمە کاروباری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحریمەکانمان ئەنجام داوە.

ئەم قسانەی قاسمی لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە پاش هاتنەوە ئارای خولی یەکەمی تەحریمەکان و پێش لە تەحریمە نەوتییەکان کە شاڕەگی ئابووریی ئێرانی کردووەتە ئامانج، ئابووریی ئەم وڵاتە تووشی قەیرانی جیددی بوویەوە و ناسەقامگیری بازاڕی ئەرز و گرانی، کۆمەڵێک ناڕەزایەتی لە ئاستی ئێراندا هێنایە ئاراوە.

بەوتەی مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا و ستیڤێن مێنۆشێن وەزیری خەزێنەداری ئەم وڵاتە خولی نوێی تەحریمەکان، سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، کەشتیڕانی و سیستمی بانکی ئێرانی کردووەتە ئامانج؛ هاوکات باسیان لەوەش کردووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ١٢ مەرجی ڕاگەیەندراوی ئامریکا قبووڵ بکات ئەوا وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو دەس پێدەکەینەوە.

بەشێک لە مەرجەکانی ئامریکا بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران بریتین لە: ڕاگرتن و کۆتایی هێنانی تاران بە پشتیوانی لە تێرۆریزم، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی سەربازی لە سوریە و ڕاگرتنی بەرنامەی مووشەکی بالێستیک، کە بە قبووڵ‌کردنی ئەم مەرجانە بە کردەوە ئێران تووشی شکستی سیاسی و قەیرانی جیددی ڕەوایی دەبێتەوە.

مەسەلەی جێگەی سرنج لەم نێوانەدا ئەوەیە کە بەپێچەوانەی ئیدعاکانی کۆماری ئیسلامی کە دەڵێن ئامریکا ماددە خۆراکییەکان و دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی تەحریم کردووە و لەژێر ئەم ناوەدا گرانییەکی بێوێنەیان تووشی بازاڕ کردووە، ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هیچ کام لەو خاڵانە لە چوارچێوەی تەحریمەکاندا نابن.