کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە سەفەرەکەی نیتانیاهوو دژکردەوەی نیشان دا

11:53 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سەفەری لەناکاوی بێنیامین نێتانیاهوو بۆ عەمان دژکردەوەی تووندی کۆماری ئیسلامی  و گرووپەکانی سەر بە تارانی لێکەوتەوە.

پاش سەفەری لەناکاو و کوتوپڕی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ عەمان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سوڵتان قابووس لە مەسقەت، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و گرووپی حەماس ڕەخنەی تووندیان لە دەوڵەتی عەمان گرت و پێشوازی سوڵتان قابووسیان بە "لێدانی خەنجەر بە پشتی فلستینییەکان" شوبهاند.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی تاران  لەمبارەوە وێڕای ڕەخنەگرتن لە عەمان وتوویەتی: وڵاتانی ناوچە نابێ بکەونە ژێر گوشاری ئامریکا و مەجال بە ئیسرائیل بدەن کە کەشی ناوچە ئاڵۆز بکات؛ هەروەها حسەین ئەمیرعەبدوڵاهییان هاوکاری تایبەتی عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: ئەمجۆرە دیدارانە دوورن لە لۆژیکی سوڵتان قابووس.

نێتانیاهوو کە وەک یەکەم سەرۆکوەزیری ئیسرائیل سەردانی عەمانی کردووە وێڕای سەرۆکی ڕێکخراوی مووساد و ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی ئیسرائیل ئەم سەفەرەی ئەنجام داوە.

بەشێک لە کارناسان پییان وایە قەڵس‌بوونی کۆماری ئیسلامی بەم سەفەرە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە ئەگەری زۆر نێتانیاهوو لەم سەفەرەدا دەیهەوێ بەشێک لە کێشەکانی ناوچە و یەک لەوان پرسی سووریە لە ڕێگەی عەمانەوە چارەسەر بکات.