کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەلێشاو پارە بۆ خەڵکی فلستین سەرف دەکات

11:28 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە گەلانی ئێران لەوپەڕی بێ‌دەرەتانیدا ژیان بەسەر دەبەن و ناچار دەبن بە فرۆشتنی ئەندامانی لەشیان یان لە مەترسی خستنی گیانیان لەسەر سنوورەکان بژیوی ژیان دابین بکەن، کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی تێرکردنی خەڵکی فلستینە و بەلێشاو پارەیان بۆ سەرف دەکات.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە میدیاکانی فلستین ئاشکرایان کردووە کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی ڕۆژانە لە کەرتی غەزەدا خواردنی ڕۆژانەی لانیکەم 300 هەزار کەس لە چوار ژەمی خواردن دابین دەکات!

ئەم دەست‌ودڵبازییانەی ڕێژیم کە بە پارە و سامانی گەلانی ئێران بۆ ئامانجە ئیدیۆلۆژیکەکانی تاران ئەنجام دەدرێت لە کاتێکدایە کە ڕۆژانە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە مردن ناچارن بەنیو زبڵدانەکاندا بۆ تیکە نانێک یان پاشماوەی خواردنێک بگەڕێن!

یان لە سنوورەکانی کوردستاندا کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد ناچارن بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانیان سینگیان بکەنە قەلغانی گووللەی هێزەکانی رێژیم، ئەگەر بەهۆی بەربوونەوە یان سەرما گیانیان لەدەست نەدابێت!

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بەپێی لێدوانی خودی بەرپرسانی رێژیم و یەک لەوان شەهاب نادری ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٨٠%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین!

ئەم دۆخە نەشیاوە بۆ ژیان ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە ئاوڕ لە ژیانی پارێزگا پەراوێزخراوەکانی وەک سیستان و بەلوچستان دەدەیتەوە و دەبینی کە بە هەزاران کەس لەم گەلە ناچارن بۆ ڕزگاری لەدەست تینوێنتی گەناوەکان بخۆنەوە و کاتێکیش سەیری پەیجی ئینستاگرامی ئاغازادەکان و چینی دەوڵەمەندی پێتەخت‌نشین دەکەیت کە ڕێوڕەسمی شەراب‌خۆری بۆ سڵامەتی سەری خامنەیی بەڕێوە دەبەن و بە سواربوونی ماشینی جۆری لەکسێز و فراری فەخر دەفرۆشن! و بەنیشاندانی باشگاکانی بیلیارد و بۆلینگ و ئیستەخری میلیاردی و پارتی شەوانە و دیسکۆدەنس دەریدەخەن کە ئۆمۆلقۆرای جیهانی ئیسلامی چەندە دادپەروەرە.