کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی دووبارە هەڕەشەی لە یەکیەتی ئورووپا کرد

11:33 - 12 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە یەکیەتی ئورووپا لە ڕێگەی نامەیەکەوە هەڕەشەی لە یەکیەتی ئورووپا کردووە کە سەبری ئێران خەریکە تەواو دەبێ.

هەواڵدەریی حکومەتی فارس ئاشکرای کرد پەیمان سەعادەت باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە بلژیک نامەیەکی هەڕەشەئامێزی ڕادەستی یەکیەتی ئورووپا کردووە و تێیدا جەختی کردۆتەوە کە ئێمە پێویستمان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو لەمەڕ پشتیوانی لە بەرجام نییە و دەبێ ئاگادار بن کە سەبری ئێمە ئاست و سنوورێکی دیاریکراوی هەیە.

ناوبراو لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پاش چوونەدەری تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام، ئورووپاییەکان داوایان لە ئێران کردووە تاکوو لە بەرجامدا بمێنێتەوە و لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک وادە و بەڵێنی بە تاران دراوە بەڵام تاکوو ئێستە هیچ کامیان نەچوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە درێژەی نامەکەشیدا وتوویەتی: بەرجام بۆ ئورووپاییەکان گرینگییەکی ستراتێژیکی هەیە کەواتە باشترە کە پراکتیکی هەنگاو بنێن! ئێمە پێشتریش وتوومانە ئێوە ناتوانن مەلە بکەن بەڵام تەڕ نەبن، کەواتە واز لە قسەکردن و دروشمدان بێنن و بە کردەوە کارێک بکەن.

لەکۆتاییشدا وتوویەتی: لایەنی ئامریکایی بۆی گرینگ نییە ئورووپا چی دەوێ، بێ‌هەڵوێستی ئێوەش تێچووی دەبێ و دەبێتە هۆی تەواو بوونی سەبری ئێران. من نیگەرانی ئەوەم کە هەلومەرجەکە بەرەو ئاقارێک بڕوات کە بەرجام هەڵوەشێتەوە.