کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لاواز و لاوازتر دەبێت

13:22 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەپێی دوایین پێش‌بینی ئاژانسە نێونەتەوەییەکان، کۆماری ئیسلامی لە داهاتوویەکی نیزیکدا تووشی دۆخێکی ئاڵۆز دەبێت و بەردەوام لاوازتر دەبێ.

ئاژانسە نێونەتەوەییەکان ڕایانگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران هاوکات لەگەڵ نیزیک‌بوونەوەی مۆڵەتی دیاریکراوی دەوڵەتی ترامپ و دەسپێکی گەمارۆ نوێکان، دۆخی ئابووریی و سیاسی ئەم وڵاتە تووشی گرفتی جیددیتر دەکاتەوە؛ بەچەشنێک کە ڕێژیمی تاران تەنانەت لە دابین کردنی پێداویستییە نێوخۆییەکانیشیدا دۆش‌دادەمێنێت.

ئاژانسی "ایران خبر" لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ کۆرەی باشوور لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ١٨٠ هەزار  دابەزیوە.

هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ؛ چوونکە زۆربەی کڕیارانی نەوتی ئێران بەهۆی تەحریمەکانی ئامریکاوە چیدیکە ئامادە نابن ئەم ڕیسکە گەورە قبووڵ بکەن؛ بەپێی ئەم راپۆرتە نەتەنیا کڕیاران، بەڵکوو کۆمپانیاکانی بیمە و بازرگانە نێونەتەوەییەکانیش چیدیکە مەترسی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران قبووڵ ناکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە بڵاڤۆکی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی دوایین داتا بڵاوبووەکان لە دوو حەوتووی یەکەمی مانگی ژوئەندا ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەڕێژەی ١٦% کەمی کردووە و گەمارۆ تازەکان بەدڵنیاییەوە هێندەی دیکە ئاستی هەناردەکارییەکان کەمتر دەکاتەوە.

ئەم پرسە لەو ڕووەوە زۆر گرینگە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێران بریتییە لە فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە کەمتر وڵات یان کۆمپانیایەک ئامادە دەبێت ریسکی پێوەندی لەگەڵ ئێران لەبەرامبەر تەحریمەکانی ئامریکا قبووڵ بکات، بەرجەوەنی لێڵی ئابووری و سیاسی ئێران زیاتر دەردەکەوێت.