کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە خزمەتی ئیسراییلدا

18:30 - 31 گەلاوێژ 2719

کەریم پەرویزی

باسی تێخزینی دەزگا سیخوڕییەکان لە نێو دەزگای وڵاتی دیکە، باسێکی کۆن و دوور و درێژە و لە سەردەمی شەڕی کۆنی ئیمپراتۆرییەکانیشدا، ئەو جۆرە دزەکردنانە هەبووە کە هێزی وڵاتێک لە رێگەی سیخوڕەکانییەوە خزاونەتە نێو هێزی دیکە و دەرگای پشتەوەی بۆ هێزەکانیان کردوەتەوە و ئیمپراتۆرییەک شکستی هێناوە.

لەم سەردەمی نوێیەدا رێکار و شێوازی دزەکردنی سیخوڕی زۆرتر بووە و لە سەردەمێکدا کە بڕوا و باوەڕەکان سست دەبن و بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکان جێگایان دەگرنەوە، ئیمکانی ئەو جۆرە دزەکردنانە زۆرتر و زۆرتر دەبن.

لە سیستمی کۆلۆنیالیستیی کۆماری ئیسلامیشدا، سەرەتا هاتنە سەر کاری ئەم رێژیمە بەهۆی ئیدئۆلۆژیکبوونی رێژیمەکە رادەی بڕوای پاسدار و بەسیجییەکان بەم دەسەڵاتە زۆرتر بوو و لە هرووژمیان بۆ سەر کوردستاندا زۆرجار ئەو رووداوانە بینراون کە بەسیجییەکانی قۆم و ئیسفەهان دەیانگوت هاتووین بۆ "شەهادەت" و خومەینیش کلیلیی بەهەشتی پێ دابوون.

بەڵام لە ئێستادا ئیدی هیچ بڕوایەکی ئیدئۆلۆژی و ئایینی بەم رێژیمە نەماوە و ئەوەندەیان تاڵان و تاوان کردووە و ئەوەندەیان گەندەڵیی لێ دەرکەوتووە کە هیچ پاسدارێکیش بڕوای پێیان نییە، بەڵکوو تەنیا بەرژەوەندیی تاکەکەسی بەدەوری رێژیمەوە دەیانهێڵێتەوە.

لە کاتێکدا کە ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی هەرەسی هێناوە و قسەکانی رێژیم هیچ بڕوادارێکی بەدەورەوە نەماوە، پاسدارەکانی رێژیم تەنیا بەرژەوەندیی ئابووری بەدەوری رێژیمیانەوە دەهێڵن و ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییە دەکرێ لە شوێنی دیکە بە فراوانتر دابین بکرێ.

هەر ئەم درزەیە کە دەبێتە هۆی دزەکردنی دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە لە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی رێژیمدا. لەم رێگەوە تا بەرزترین ئاستەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەبنە خۆراکی دزەی سیخوڕی و مۆرەکانیان خۆیان بە دوژمنانی ڕێژیم دەفرۆشن!

کاتێک کە لە کۆبوونەوەیەکی جیهانیدا سەرۆکوەزیری ئیسراییل بەڵگەکانی پرۆژەی ناوکیی رێژیمی تاران ئیفشا دەکا و دەڵێ بە هەزاران بەڵگەیان لە تارانەوە گواستۆتەوە ئیسراییل، ئەمە دەرخەری رادەی تێخزینی دەزگای زانیاریی ئیسراییلە لە نێو دەزگا زۆر هەستیارەکانی رێژیمی ویلایەتی فەقیهیدا.

هەر لەم رۆژانەدا دووبارە لە زمانی خودی بەرپرسانی رێژیمەوە، بۆ وێنە کەسێکی وەکوو عەبدوڵا شەهبازی کە راوێژکاری بەیتی خامنەییە، دەڵێن کە بەرپرسی پایەبەرزی ئیتلاعاتی رێژیم هەڵهاتووە و چۆتە ئیسراییل!

ئەم باسی تێخزانی دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە لە دەزگای سیخوری و ئیتلاعاتیی رێژیمدا، باسێکە کە رەنگە بە دەیان و سەدان کەسی دیکەی تێدا هەبێ کە یان بەبەرنامەوە لە شوێنێکی ئەم رێژیمە جێیان گرتبێ یان لە رەوتی بێبڕواییان بە رێژیمدا دەستیان کردبێ بە فرۆشتنی زانیاری، بەڵام رێژیم دەیهەوێ لەم بابەتە بەشێوازی دیکە کەڵک وەربگرێ و ئەو پەروەندە پڕلە تاوانبارییانەی کە هەیەتی، بیبەستێتەوە بەو جۆرە کەسانەوە.

بۆوێنە عەلی موتەهەریی جێگری مەجلیسی رێژیم دەڵێ کە پەروەندەی قەتڵە زنجیرەییەکان و کوژرانی زانا ئەتۆمییەکان و تەقینەوەی مەشهەد دووبارە هەڵ بدرێتەوە. یانی دەیهەوێ ئەو بیروڕایە دروست بکا کە ئەو جۆرە پەروەندەی کوشتار و تیرۆرانە هی خودی رێژیم نەبووە و وەلیی فەقیهی داوێنی پاکە و ئەوە کەسانی سەر بە دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە ئەو کارانەیان کردووە.

لێرەدا دوو خاڵی گرنگ دەبێتە جێی پرسیار:

یەکەم – گەر دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە ئەوەندە تێخزاون لە دەزگاکانی رێژیمدا کە تەنانەت سیاسەتی ستراتژیک بۆ رێژیم دادەڕێژن و پەروەندەی وەها گەورە دروست دەکەن کە بە سی ساڵیش رێژیمی پێوە خەریک دەبێ، ئەی ئەم دەزگایانەیان بۆچییە، ئایا بۆ خزمەت بە ئیسراییلیان دروست کردوون؟!!

دووهەم- خۆ هەموو تاوانەکان و کۆمەڵکوژییەکان هەر ئەو چەند نموونە بچووکە نین. گەربەو شێوەیە وابێ کە تاوانەکان لەم رێژیمەدا کەسانی سەر بە دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە کردوویانە و بڕیاریان داون، لەو کاتەدا خودی خومەینی و خامنەیی و رەفسەنجانی و خەڵخاڵی و بەهەشتی و هەموو ئایەتوڵلاکانی رێژیم داهۆڵێک بوون بە دەستی بێگانەکانەوە!

ئەم پەروەندەی تێخزانی دەزگای زانیاریی وڵاتانی دیکە لە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپا و شوێنەکانی دیکە دوو شتی گرنگ دەڵێ: یەکەم ، تاوان بەشێکی ئەساسیی پێناسەی ئەم رێژیمەیە، بۆیە هەرکەس تەنانەت بەقەولی خۆیان "نفووزیش" تاوان بخوڵقێنێ، نەک لێی بەگومان نابن، بەڵکوو زۆر خۆشەویستتر دەبێ. دووهەم، سیستمی کۆماری ئیسلامی لەباری ئیدئۆلۆژییەوە هەرەسی هێناوە و هەموو مۆرەکانی ئامادەن خۆیان بفرۆشن.