کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیا دەرەکییەکان بەردەوام لە ئێران دەکشێنەوە

12:43 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: داخرانی کۆمپانیای "دی ئێچ ئێڵ" لە ئێران بێکاربوونی کرێکارەکانی ئەم کۆمپانیایەی بەدواوە بووە.

کۆمپانیای دی ئێچ ئێڵ، کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی لۆجێستیکە و لە بەشەکۆی کۆمپانیای دۆیچە پۆست، گەورەترین کۆمپانیای پۆستی ئاڵمانە؛ ئەم کۆمپانیایە  لە ١٨٠ وڵاتی جیهاندا لقی هەیە و ساڵانە بە میلیۆنها بەستە بۆ سەرانسەری جیهان دەنێرێت.

ئەمە گەورەترین کۆمپانیای خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی و دەریاییە و یەکێک لە پڕ قازانجترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی جیهان بە ئەژمار دێت.

لە لایەکی تریشەوە، تورکمەنستان و پاکستان، ئاسمانی خۆیان بە سەر ماهان ئایری ئێراندا بەستووە و ئیزنی فڕینی فڕۆکەکانی ئەم کۆمپانیایە لەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیانی پێ نادەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، داوای لە سووئیفت کرد، کە ئەو بانکە ئێرانییانەی کە لە لیستەی ڕەشی گەمارۆوەکانی ئامریکادان لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی وەلا بنرێن، کە سووئیفت لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیاری دا گویڕایەڵی داواکارییەکەی ئامریکا بێت؛ هەروەها وتوویەتی: ئەم بڕیارە بە مەبەستی قازانج، سەقامگیریی و یەکدەسکردنی سیستمی ماڵیی جیهانی دراوە.

سووئیفت پێوەندییەکانی زیاتر لە ١١ هەزار دامەزراوەی بانکی، کۆمپانیا و ژێرخانی ئابووری پێکەوە ئیدارە دەکات و خزمەتگوزارییە ماڵییە جیهانییەکان ڕێک دەخات.