کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیا نەوتییەکانی سریکا و بریتیش پێترۆلیۆم هاوکارییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت

12:07 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام، کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان یەک لەدوای یەک واز لە چالاکییەکانیان لەم وڵاتە دەهێنن یان چالاکییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵدەپسێرن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، کۆمپانیای نەوتی  BP بەهۆی تەحریمە نوێیە ئابوورییەکان لەدژی ئێران تەواوی چالاکییەکانی خۆی لە مەیدانی گازی "رام" لە دەریای باکور ڕاگرت.

بریتیش پێترۆلیۆم ٥٠% لە کۆی پشکی پێوەندیدار بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی مەیدانی گازی ڕامی لە ئەستۆ بوو و ٥٠%ی دیکەشی لە ئەستۆی کۆمپانیای نەوتی ئێران بووە؛ پشکدار بوونی کۆمپانیای نەوتی ئێران لەم پڕۆژەیەدا، بریتیش پێترۆلیۆمی ناچار کردووە پاش چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام واز لە هاوکاری و چالاکییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بهێنێت.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کۆمپانیای سریکا ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئامریکا ئیزنی هاوکاری کردن لەگەڵ ئێرانیان پێنەدات چالاکییەکانی خۆی لەم مەیدانی گازییەدا ڕادەگرێت.

مەیدانی گازی رام، مەیدانێکی بان‌کەناریی هاوبەش لەنێوان ئێران و بریتانیایە کە لە ٤٠٠ کیلۆمێتری شاری ئەبێردین لە ئاوەکانی سکاتلەند لە دەریای باکووردا هەڵکەوتووە.