کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای ئاڵمانیی "کرێمپل" بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت

11:46 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای ئاڵمانیی "کرێمپل"، فرۆشتنی کەرەستە سازکراوەکانی خۆی بە ئێران ڕاگرت، کە ڕێژیمی ئێران ئەم کەرەستانە بۆ دروستکردنی مووشەک بەکار دەهێنێت.

ڕۆژی پێنج‌شەممە، ٦ی بەفرانبار، کۆمپانیای ئاڵمانیی "کرێمپل" ڕایگەیاند، فرۆشتنی کەرەستە سازکراوەکانی خۆی بە ئێران ڕاگرتووە، کە بۆ دروستکردنی مووشەک بەکاریان دەهێنێت.

ئەم کۆمپانیایە پارچەگەلێک بەرهەم دەهێنێت، کە بەکارهێنانی دوولایەنەیان هەیە و سپای پاسداران ئەم کەرەستانەی بۆ سازکردنی مووشەک بەکار هێناوە.

ماڵپەڕی "دیلی وایر"، لەم بارەوە ڕایگەیاند: کە ئەم مووشەکە سازکراوانەی سپای پاسداران، لە لایەن ڕێژیمی سووریەوە، بۆ هێرشە کیمیایییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و منداڵانی سووریە بەکار دەهێنرێت.

"ڕاینێر وێستەرمان"، وتەبێژی ئەم کۆمپانیایە، جەختی کردووەتەوە، کە چەند مانگێک دەبێت هیچ کەرەستە و پارچەیەکیان ڕادەستی ئێران نەکردووە.

هەر لەم بارەوە، "ڕیچارد گێرنڵ"، ڕۆژی پێنجشەممە وتوویەتی: "کۆمپانیاکان بەو ئاکامە گەیشتوون، کە بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە واتای سەرمایەدانەرییە لەسەر ستراتیژییە تیرۆریستییەکانی سپای پاسداران".

کۆمپانیای کرێمپل، کە لە نزیکی شاری "ئشتوتگارتـ"ـی ئاڵماندایە، "بۆرد و کیتـ"ـگەلێکی ئەلکترۆنیکی ساز‌ دەکات، کە لە ماتۆڕی ڕاکێت و مووشەکدا بەکار دهێنرێن.

هەندێک لە میدیا و ڕۆژنامەکان، ڕاگرتنی پێوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بە سەرکەوتنی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەزانن.

دەوڵەتی ئامریکا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی چالاکییە ئاژاوەگێڕانەکانی سپای پاسداران و ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، لە دوو خولدا گەمارۆی ئابووریی بەدژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستووە و هەر چەشنە بازرگانییەکی وڵاتانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران قەدەغەکردووە.