کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای بۆئینگ دەوڵەتی ڕۆحانیی کیشومات کردووە

12:42 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای بۆئینگ، پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئێران ئایر، نە فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران دەدات و نە هیچ خەسارەتێکیش لەو بوارە قەرەبوو دەکاتەوە.

پاش واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە  ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بەرپرسانی دەوڵەتی ڕۆحانی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی لە کۆمپانیای بۆئینگیان بە سەرکەوتنێکی مەزن باس دەکرد، بەڵام پاش چوونەدەرەوەی دانڵد ترامپ  لە بەرجام ئەو کۆمپانیایە ڕایگەیاندووە کە گرێبەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئێستە بوئینگ نەک هەر هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نادات، بەڵکوو ڕاشی گەیاندووە، کە قەرەبووی هیچ جۆرە خەسارەتێکیش لەو پێوەندییەدا ناکاتەوە.

کارناسانی بواری مافی هەوانەوەردیی نێودەوڵەتی باسیان لەوە کردووە، کە لەوانەیە ئەو گرێبەستە لە نێوان کۆمپانیای بۆئینگ و ئێران ئایر، تەنیا گرێبەستێکی ئاسایی بووبێت، هەر بۆیە لەو بارەوە هیچ پێبەندبوونێک نییە و هیچ مەرجێکیش بۆ قەرەبووکردنەوەی نابێت.

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، کۆمپانیا بیانییەکان کەوتوونەتە کێبڕکێ بۆ کشانەوە و پساندنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هەتا ئێستا چەندین کۆمپانیا کۆتایییان بە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هێناوە.