کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی تایبەت بە یادی سی ساڵەی دوکتور قاسملوو و ھاوڕێیانی، سپاسنامەیەکیان بڵاو کردەوە

12:17 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی تایبەت بە یادی سی ساڵەی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ئەرک و ماندووبوونی بەڕێوبەران و بەشداربووانی ئەو یادە، سپاسنامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ھاونیشتمانییانی تێکۆشەری نیشتەجێی تاراوگە!

کوردستانییانی ئازادیخواز!

چەند ساڵ پێش ئێستا، کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، قۆناغێکی نوێی خەباتی ڕاگەیاند و بۆ جارێکی تر هیوا و ئومێد گەڕایەوە بۆ کۆمەڵگای کوردستان، "ڕاسان" چ وەک "گوتار"، چ وەک "کردار"، لە شاخەوە شۆڕ بۆوە بۆ شار و ئیددەی دەستپێکرانی "ڕاسانی تاراوگە"ش هاتە ئاراوە.

لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە، دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، بڕیاری دا، یەکەم هەنگاوی ڕاسان لە تاراوگە، تایبەت بکات بە یادکردنەوەی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" سیاسەتمەداری ناوداری کورد و ڕێبەری بە بڕشت و کاریزماتیکی حیزبی دێموکرات، لە ٣٠هەمین ساڵیادی شەهیدکرانیدا.

بۆیە کۆمیتەیەکی چەند کەسی پێکهێنرا، تاکوو هەم ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی ڕێپێوان و کۆبوونەوەیەکی بەرین لە شاری بروکسێلی پێتەختی بلژیک و هەمیش، ئەرکی بەڕێوەبردنی بگرێتە ئەستۆ.

ئەم کۆمیتەیە وێڕای دانانی پلان و بەرنامەی پێویست، داوای لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات و سەرجەم کوردانی تێکۆشەر و ئازادیخواز کرد، تاکوو بە بەشداریی خۆیان لە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی بروکسێلدا، گوڕ و تینی زیاتر بە "ڕاسانی تاراوگە" ببەخشن.

بە خۆشییەوە سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئازادیخوازانی کورد و کەسایەتی و هونەرمەندی دەروەست، وەڵامی ئەرێنییان بە داواکەی کۆمیتەی ئامادەکار دایەوە و لە شوێنی دوور و نزیکەوە ڕوویان لە بروکسێل کرد و ڕۆژی ٩ی جوولای ٢٠١٩، بەدەم بەرزکردنەوەی دروشمەوە، چەندین شەقامیان تێپەڕاند و پاشان لە بەردەم کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارلمانی ئورووپادا کۆبوونەوە، تاکوو هەم یاد و ناوی شەهید "دوکتور قاسملوو" و شەهید "عەبدوڵا قادری ئازەر"، بەرز ڕابگرن، هەمیش تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن.

ئەم ڕێپێوان و ئاپۆڕا جەماوەرییە، وەک یەکەمین هەنگاوی "ڕاسانی تاراوگە"، لە لایەک دڵی ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی خۆش کرد و لە لایەکی تریشەوە بووە هۆی دروستبوونی ترسێکی زۆر لە دڵی دوژمندا.

هەرچەند ئەم جووڵە بەرینە "سیاسی- جەماوەریـ"ـیە، بێ گرفت و کەموکووڕی نەبوو، بەڵام وەک یەکەم هەنگاو، پڕدەسکەوت و سەرکەوتوو بوو و سەلماندی کە کار و بڕیاری بەکۆمەڵ هەموو کات دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئامانجەکانی بپێکێت.

بۆیە وەک کۆمیتەی ئامادەکار و بەڕێوەبەر، ماندوونەبوون بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێین کە بەشێوازی جۆراوجۆر هاوکارییان کردین و هۆکاربوون بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارنەڤاڵەکە و سپاسی هەموو ئەو کەسانەش دەکەین کە بە پیر بانگەوازەکەوە هاتن و بە بەشداریی خۆیان، حەماسایەکی وەهایان خولقاند کە بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا تۆمار دەکرێت.

بەڵێن بە هەموو لایەک دەدەین، تا گەیشتن بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد، "ڕاسانی تاراوگە" بەردەوام دەبێت.

سەرکەوتن بۆ گەل و ئاوەدانی بۆ نیشتمان

کۆمیتەی تایبەت بە یادی سی ساڵەی دوکتور قاسملوو و ھاوڕێیانی

١٢ی جوولای ٢٠١٩