کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسێرتی شەهرام نازری و کاردانەوە چاوەڕوان نەکراوەکانی میدیاکانی رێژیم/ وتووێژ

16:14 - 12 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: پاش بەڕێوەچوونی کۆنسیرتی مۆسیقای کوردی لەلایەن مامۆستا شەهرام نازرییەوە، میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران پەرچەکرداری چاوەڕوان نەکراویان پیشان دا و ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرین دەنگی دایەوە.

لە کۆنسێرتی شەهرام نازری کە چەند رۆژ پێش ئێستا بەڕێوەچوو، سێ کۆپلە گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی خوێندرا.

سەرەتا دەپەرژێینە سەر سەردێڕی گەلێک هەواڵ کەلە سایتە فارسییەکاندا بڵاو بوونەوتە و بۆ رەرچاوکردنی بنەما باوە میدیایییەکان، ئەوەی کە بڵاو کراوە وەکوو خۆی لێرە ئاماژەی پێ دەکەین.

مۆسیقای ئێران: شەهرام نازری گۆرانییەکی دژە نەتەوەیی خوێند\'\'.

رجا نیووز: \'\'ئەو گۆرانییە قەوم گەرایانە و دژە پارسییەی شارام نازری بووە هۆی دروست بوونی کەشێکی تایبەت لە کونسێرتەکەدا\'\'.

پارسینە: \'\'من مناڵ کوردم فارسی نازانم، بەڵام بە زمانی کوردی گیانی بە فیدای تۆ کە فارسی. بە پێشچەانەوە ئەم شیعرە دژبەری قەومەکانە و دەڵێ گیانی من فیدای تۆ کە فارسی\'\'.

کوردستان میدیا بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئەم سەردێڕانە دیمانەیەکی لەگەڵ شەریف فەلاح نووسەر و وەرگێڕی کورد پێکهێناوە.

8602.jpg
شەریف فەلاح نووسەر و وەرگێڕی کورد


دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

کوردستان میدیا: تووڕەیی ماڵپەڕە حکوومەتییەکانی رێژیم لە گۆرانیی شارام نازری بۆ چی دەگەڕێننەوە، ئایا ئەم کۆپلە گۆرانییەی شارام هیچ مەترسییەک دەخاتە سەر نەتەوەی فارس؟

شەریف فەلاح: یەکەم ئەوەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتتدا هیچ چەشنە باوەڕێکی بە هیچ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئیتنیکی تر لە ئێران بێجگە لە نەتەوەی باڵادەست کە نەتەوەی فارس بێت، نییە، هەتا باوەڕی بە زمان، کولتوور و فۆلکلۆر و فەرهەنگیان وەک نەتەوەیەکی سەبەخۆ بێت. زۆر جار ئەو زمان و زاروەانەش بەناوی گویشی ناوچەیی ناودێر دەکات و ئاواز و گۆرانییە میللی و رەسەنەکانی نەتەوەکانیش بەناوی ئاواز و گۆرانییە ناوچەیییەکاندەناسێنێ. ئەوەی کە بۆچی لەم گۆرانییە فۆلکلۆرەی شارام نازری تووڕە بووە، زۆر روون و ئاشکرایە، کۆماری ئیسلامی هەموو هونەرمەند و داهێنەر و کەسیایەتییەکی هونەری تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژییە سواوەکانی ئەودا بێت و بۆ ئەوان تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ، لەلایەکی دیکەشەوە شارام نازری تەمەنێکە بە زمانی نەتەوەی بالادەست گۆرانی دەچڕێت، ئێستا لە سەردەم و قۆناغێکی هەستیاردا و لە کاتێکدا کە پرسی نەتەوەیی و زمان و زاڵبوونی کولتووری کورد و ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی لە کرماشان خەریکە هەڵدەکشێ و باڵا دەکات، حکوومەت بەمە بێزارە. ئەو لەوە دەترسێ کە ئەم ئاگایییە نەتەوەیییە گەشە بکات و پیلان و بەرنامەکانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای سیاسی و فەرهەنگیی کرماشان و دەوروبەری لێی ببنە بڵقی سەر ئاو. ئەو لە هێما پێگەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی نوخبە و ئیلیتە فەرهەنگییەکان دەترسێ، چونکە هەڵوێستی کەسێکی وەک شارام نازری کاریگەریی لەسەر بیروڕای خەڵک هەیە، ئەمەیە حکوومەتی تووڕە و دەهری کردووە، دەنا ئەم گۆرانییە لەمێژە لسەر زاری خەڵکە و میلۆدییەکی کۆنی فۆلکلۆرە.

کوردستان میدیا: کورد فارسی نازانێ، ئەمە چیی تێدایە کەوا فارسەکان تووڕە دەکا؟ یان بڵێین پرسێک بە ناوی کورد بوون مەترسیی بۆ سەر فارس هەیە؟

شەریف فەلاح: نا کورد، فارسی دەزانێ و زۆر باشیش دەزانێ، زۆرن ئەو نووسەر و ئەدیب و مامۆستا کوردانە لە فارسەکان باشتر فارسی دەزانن، بۆ ئەمەش بەڵگە زۆرە، چونکە فەرهەنگ و زمانی فارسی هەڵگری پاشخانێک و ژیارێکی کۆن و لەمێژینەیە و تەنیا خاوەنی ئەم حکوومەتە نییە، بەڵکوو مەسەلەکە لەمە دایە، ئەم نا گوتنەی کورد، بۆ ئەوەی من زمانی کوردی نازانم، حکوومەتی وەزاڵە هێناوە و دیواری کۆشک و تەلارە رزیوەکەیان دێنێتە لەرزین، چونکە ئەم نایە نایە کە هەڵوێستی سیاسی و دیرۆکی تێدایە. بەڵێ پرسێک بەناوی کوردبوون لە رێگەی زمان و کولتوورەوە خەریکە فۆرم دەگرێ، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەکوو کرماشان و ئیلام کە رێژیم خەونی گڵاو و رەنگاڵەیی بۆ بینیوە. گەشەکردنی پرسی کوردبوون لەمێژە لە ئارا دایە، نا مەترسیی بۆ فارس بوون نییە، بەڵکوو ئەگەر ئەم کوردبوونە لە رێگەی زمان و دیرۆک و کولتوورەوە بێت، تەنانەت گەورەترین پاڵپشت و کۆڵەکە دەبێت بۆ زمانی فارسی و پێشگیرییە لە ناوچوونی. ئەم مەترەسییەی کە رێژیم هەستی پێکردووە، مەترسییەکە کە ئەم هەستە بۆتە شعوور، بۆتە ئاگایی و خەریکە رێچکەی خۆی دەبینێتەوە و بۆتە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە ٣٥ ساڵە حاشای لە بوونی نەتەوەی کورد کردووە.

کوردستان میدیا: هەندێ لە میدیا فارسەکانی سەربە رێژیمی ئێران گۆرانییەکەی شەهرام نازرییان بە شەرمهێنەر وەسف کردبوو. گۆرانیی \'\'من کرماشانیم فارسی نیەزانم\'\' چ شتێکی تێدایە کە نەتەوەی فارس بە شەرمی دەزانێ؟

شەریف فەلاح: کۆماری ئیسلامی و دارودەستە تۆقیوەکەی کەلە داتاشینی دەستەواژە بێ ناوەرۆک و بێ بنەماکان بۆ شکاندنی کەسایەتی و پێگەی نوخبەی نەتەوەکانی ئێران شارەزان، دەنا ئەم گۆرانییە هەست و کوڵ و کۆیەکی پڕ لە جوانیناسانەیە و رۆڵەیەکەی ئەم نیشتمانە کە بە زمانەکەی خۆی کە زمانی دایکیەتی دەرێبڕیوە. وشەی شەرمهێنەر نەشیاوە و دەبێ بۆ بەکارهێنەرانی ئەو وشەیە بەکار بهێنرێت، کە ئەگەر کەسێک بە زمانێکی جیا لە زمان و فەرهەنگی ئەوان گۆرانی چڕێ و رازی دڵی دەربڕی، بە قەولی ئەوان دژە میللییە و لە هێڵ و رێبازی وەهماویی ئەوان لای داوە. من کرماشانیم فارسی نییەزانم رستەیەکی زۆر سادەیە من پێم وایە زۆرێک لە فارسە خوێندەوارەکانیش لێی تێدەگەن، واگنر ده‌ڵێ ئاواز و گۆرانی ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز و ئیشتیاقه‌ یانی من خەڵک کرماشانم و فارسی نازانم، خۆ فارسی نەزانین کوفر نییە، ئاخۆ ئەگەر فارسێکی تارانی، شیرازی یان ئیسفەهانی من مناڵ شیرازم کوردی نییەزانم لە روانگەی تاران نشینەکانەوە ئەمیش ئەبێتە دژە میللی؟ ئاخۆ بۆ ئەو شەرمهێنەر نییە، ئەم خولیایەی دڵی خۆی بڵێت؟ ده‌سه‌ڵاتی زۆره‌مل و پاوانخواز ده‌یهه‌وێ من و تۆ و ئه‌وان و تێکڕای به‌رمابه‌ره‌که‌ی وه‌ک ئه‌و بیر بکه‌نه‌وه‌و به‌زمانی ئه‌و وه‌سفی بکه‌ن. ئه‌و له‌وه‌زراوی تۆقیوه‌نه‌ته‌وه‌کانی ئێران خه‌ریکن ده‌گه‌نه‌ئاستێکی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ریکن نایه‌ک به‌سه‌رله‌به‌ری رێژیم ده‌ڵێن، مه‌سه‌له‌که‌زۆر له‌وه‌قووڵتره‌که‌بێین ته‌نیا له‌وتنی ئه‌م شیعره‌لیریکی و کۆنه‌فۆلکلۆرییه‌دا کورتی بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌م پرسه‌له‌وێدا بۆ ئه‌و جێگای شه‌رمه‌که‌بیروڕای گشتی و دونیا ده‌زانێت کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌کان له‌ئێران خه‌ریکه‌ده‌بێته‌پرسی رۆژه‌ڤ. مه‌به‌سته‌که‌روون و ئاشکرایه‌کۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌وێ پێگه‌و هه‌یمه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران بشکێنێ، ده‌نا شیعر و گۆرانی بڕ و بیانوویه‌وه‌ک ئه‌م شیعره‌ی شێخ به‌هایی که‌ده‌ڵێ مقصود من از کعبه و بتخانه تویی تو/ مقصود تویی، کعبه و بتخانه بهانه.

کوردستان میدیا: کاردانەوەی توندی چالاکانی کورد لە کوردستانی ئێران و پاڵپشتییان لەو هونەرمەندە نەتەوەیییە، دەتوانێ چ مانایەک بگەیەنێ، یان چ پەیامێکی بۆ کۆماری ئیسلامی پێیە؟

شەریف فەلاح: کاردانەوە و پاڵپشتیی چالاکانی فەرهەنگی لە کوردستانی ئێران لەم هەڵویستەی شارام نازری، هەڵگری پەیامێکی روونە کە ئەم پەیامە زیاتر لە نیو سەدەیە خوێن و قوربانیی بۆ دراوە، هەتا گەیشتوەتە ئەم قۆناغە، هەرچەند پاڵشتییەکە لەوانەیە زیاتر لە فەزای مەجازیدا بێت و نەگوازرێتەوە بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵ، بەڵام ئەمەش خۆی لەخۆیدا کۆماری ئیسلامیی داچڵەکاندووە، ئەوە نییە، بە تەوس و توانج، بە وشەی بێ ریزی و سووکایەتی بەو هونەرمەندە دەیانهەوێ قینی دڵی خۆیان هەڵڕێژن بە نەتەوەی کورد؟ ئەم پەیامە لەلایەک شڵەژانێکی دەروونیی کۆماری ئیسلامییە و لەلایەکی دیکەشەوە وریا و بە ئاگاهێنانەوەی ئەوانەی هەتا ئێستا روویان لە دەسەڵات و پێشتیان لە نەتەوە و کۆمەڵگەی خۆیان بووە، کە دەبێ بێنەوە ناو جەرگەی خەبات، دەبێ بزانن کورد دەڵێ بەرد لەجێی خۆی سەنگینە\'\'.

کوردستان میدیا: بەرپرسانی رێژیم و ژمارەیەک لە فارسە فاشیستەکان لە گوتنی ئەو کۆپلە گۆرانییە فۆلکلۆرەی شارام نازری حەپەساون. ئایا قەڵای رێژیمی ئاخووندی ئەوەندە لەرزۆک بووە کە بەو رستە گۆرانییە دەهەژێت، یان پێشوازیی بەربڵاوی بەشدارانی کۆنسێرتەکە ئەو مەترسییەی خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی تارانەوە؟

شەریف فەلاح: هەردووکیان راستە، لەلایەک کۆشک و قەلای زۆرداریی رێژیم بناغەکەی نەشێلراوە و قوڕچڵپاوی مێشکی کۆمەڵێک بیرتەسکی سەدە نێوەڕاستییە و بە چووکەترین تەکان و ورووژان دێتە لەرزین و دادەتەپێ. لەلایەکی دیکەشەوە پێشوازیی بەرین و بەرفراوانی خەڵکی تینووی فەرهەنگ و زمانی رەسەن و دایکیی خۆیان و خەڵکی هەڵوەدای شنەبای ئازادی هێندەی دیکە رێژیمی دەهری کردووە، بۆیە وەک ماری بریندا وایە و لە فکری تۆڵە و رژاندنی ژاری خۆی دایە. بینیمان ژاری خۆی لە رێگای راگەیەنە زمان پیسەکانییەوە دەڕێژی، بەڵام ئەم کاردانەوەیە هێندەی دیکە هەم هونەرمەندی بە هەڵوێست، هەم خەڵکی هەڵوەدا و خولیای ئازادی بۆ دەستەبەری خەون و ئامانجە رەواکانیان سوورتر و شێلگیرتر دەکات. دەبێ لەوە خاترجەم بین دەیەی ٩٠ی هەتاوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیەی وشیاریی نەتەوەیی و بەتایبەت فەرهەنگی و زمانییە لە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام و ئێستاش ئەم بزاوتە رۆژ لە دوای رۆژ خەریکە فۆرم و ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوە.