کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسێرڤ خرایە لیستەی خۆراکە لووکسەکانەوە

13:06 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووری و گرانیی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، بە شێوەیەک کە "کۆنسێروی ماسی" وەکوو خواردەمەنییەکی لوکسی لێهاتووە کە بنەمالەکانی چینی مامناوەندیش توانای کڕینی ئەم خۆراکەیان نەماوە.

''ساڵح ئەدیب زادە'' یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەی کۆنسێروی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا"، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی کۆنسێروی ماسی، باسی لەوە کردووە کە توێژی مامناوەندی توانای ئەوەی نییە کە ١٤ تا ١٨ هەزار تمەن بە کۆنسێروی ماسی بدات.

ناوبراو وتوویەتی کە نرخی کۆنسێروی ماسی لە مانگەکانی داهاتوودا بەهۆی چوونەسەری تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم کاڵایە، بەرزتر دەبێتەوە.

"ئەدیب زادە" باسی لەوە کردووە: "سیاسەتە هەڵەکانی ئابووریی ئێران، لە بەرزبوونەوەی نرخی کۆنسێروی ماسی بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی هەبووە، بە شێوەیەک کە نرخی مەوادە سەرەتاییەکان لە ئێستادا لەگەڵ دۆلاری ١١ هەزار تمەنی یەک ناگرێتەوە و زیاتر لەوەیە. لە لایەکی دیکەوە نرخی ئەو ماسییانەی بۆ کۆنسێروی ماسی کەڵکی لێوەردەگیرێت کیلۆیەک بە ٢٦ هەزار تمەنە".

ناوبراو هەروەها وتی: "پێشتر ئەم کاڵایە لە لایەن توێژەکانی مامناوەندی، لاواز و خوێندکاران کەڵکی لێ وەردەگیرا، بەڵام ئەم توێژانە لە ئێستادا ناتوانن بە  ١٤ تا ١٨ هەزار تمەن ئەم خۆراکە بکڕن".

گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشان بووە و نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکاندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت. هەروەها نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان و ماددە خۆراکییەکان، چەندین بەرابەر بەرز بووەتەوە، بەم هۆیەوە خوانەکانی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خاڵیتر دەبێتەوە.