کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی \"پێکەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران\" لە بلژیک بەڕێوە چوو

15:15 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، لە کۆنفڕانسی پێکەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران بەشداری کرد و پەیامێکی پێشکەش کرد.

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ڕێکەوتی٣٠ی بەفرانبار و ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە لایەن بزوتنەوەی ئازادیدەری ئەحواز لە برۆکسێل، پێتەختی وڵاتی بلژیک کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی پێکەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران بە بەشداریی نوێنەرانی چەند حیزبی نەتەوەکانی ئێران، نوێنەر و ئەندام پارلەمان و ڕاوێژکارانی سیاسیی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەبی بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بلژیک بە سەرپەرەستیی بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەم وڵاتە و بە یاوەری ئەندامانی کۆمیتە و بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان لە وڵاتی بلژیک، سامان پوورئامان بەشدارییان کرد.

لە یەکەمین ڕۆژی کاری کۆنفڕانسدا، سەرەتا سکرتێری بزوتنەوەی ئازادیدەری ئەحواز قسەی کرد و ئامانجی لە پێکهێنانی ئەم کۆنفڕانسە گرینگ و بەرینەی شی کردەوە و بە وردی تیشکی خستەسەر دۆخی نەتەوەی عەرەب لە ئێران و ئامانجیان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان.

دواتر چەندین نوێنەری وڵاتانی عەرەبی و راوێژکارانی سیاسیی ئەم وڵاتانە پەیامیان پیشکەش کرد و هەر هەموویان وێڕای خستنە بەرباسی کێشەی جیددی نەتەوەکان لە ئێران، بە وردی ئاماژەیان بە ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا کرد.

ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسەکە بۆ ٣ تەوەر که لە ٣ پانێلی جیاوازدا بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو: پانێلی یەکەم بۆ باس کردن لەسەر ڕەوشی گەلی ئەحواز
پانێلی دووهەم بۆ باس کردن لەسەر ڕەوشی گەلی تورک لە ئازەربایجانی ئێران
پانێلی سێهەم بۆ باس کردن لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەها ئیبراهیمی بەناوی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیک بابەتێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

بەشێکی پەیامی حیزبی دێموکرات بەم شێوەیە بوو:
لە پاش ڕزگاریی باشووری کوردستان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ی زایینی و هەروەها هاتنە ئارای بزاڤی بەناو ئیسڵاحخواز لەنێو ئێران، حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە بۆ ماوەی نزیک به ٢٠ ساڵ خەباتی پێشمەرگانەی خۆی ڕاگرت و چاوەڕوان بوو کە ئاڵوگۆڕێکی وەها لە ئێران بێتە ئاراوە کە هەم گەلانی ئێران بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن و هەم گەلی کوردیش بتوانێ لە رێگەی وتووێژ و دیالۆگەوە پرسی کورد چارەسەر بکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پاش شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان کۆماری ئیسلامیی و عێراق خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات ئەوە بوو کە مادام رێژیم توانیویەتی لە پاش ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق ئامادەیە سوڵح بکات، بۆ ناتوانێ لەگەڵ گەلی کورد ڕێک بکەوێ؛ بەڵام بەداخەوە وڵامی ئەو نیازپاکییەی حیزبی دێموکرات شەهیدکردنی ڕێبەری ناوداری گەلی کورد دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی.

لە کۆتایی ئەم پەیامەشدا هاتووە:
تەنیا زامنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا نایەکگرتوویی خەباتی هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە ئێمە ئاواتەخوازین ئەو یەکگرتووییە لە خەبات هەرچی زووتر بێتە ئاراوە تاکوو تەخت و تاجی ڕێژیمی خوێنمژ ودژی گەلی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە کۆتایی پێبێت و گەلانی ئێران و تەنانەت گەلانی ناوچەش بتوانن بە بێ ترس و تۆقاندن و تێرۆر و جەنایەت بە ئاسودەیی بژین.