کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسێک بۆ ڕۆژی پێشمەرگە لە بریتانیا بەڕێوە چوو

14:39 - 25 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی بریتانیا بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز کۆنفڕانسێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری لەندەن به بەشداریی ئەندامان، لایەنگران و خۆشەویستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ڕێز گرتن لە ناوی بەرز و پیرۆزی پێشمەرگه کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا، بە بۆنەی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و بۆ ڕێزلێنان لە گیانفیدایی، بەرخۆدان، خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە، کۆنفڕانسێکی پر شکۆی بۆ ڕامبود لوتفپووری بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا ڕێک خست.

لەو کۆنفڕانسەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و هۆگرانی حیزبی دێموکرات بەشدارییان کرد و زۆربەی بەشداربووان به هۆی خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگەوە بە هۆی لەڕادەبەدەر بوونی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە هەتا کۆتایی لە سەر پێ ڕاوەستان.

پاشان قادر تەربیەت وێڕای بەخێر هاتنی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە تەوەرەکانی کۆنفڕانسەکەی بۆ میوانانی بەرنامەکە شی کردەوە.

دواتر ڕامبۆد لووتفیپوور کە خۆی بەشێک لە ژیانی تێکەڵاو بە ژیانی پێشمەرگایەتی بوو، باسێکی زۆر تێروتەسەلی لە سەر ناوی پێشمەرگە و خەبات و گیانفیدایی و هەروەها ڕۆڵی پێشمەرگە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژوو، بەتایبەت ڕۆڵ و قورسایی پێشمەرگە لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە شی کردەوە.

ناوبراو هەروەها شرۆڤەیەکی ڕوونی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و دەرئەنجامەکانی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان لە سەر کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان پێشکەش کرد.