کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد بەڕێوەچوو

16:02 - 31 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی لۆندـی سوئێد لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو و لەو کۆنفڕانسەدا، پانێلێک بۆ مەسەلەی نەتەوەخوازی لە کوردستانی ئێران تەرخان کراوبوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک نموونە وەرگیرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لە زانكۆی لۆند، لە وڵاتی سوئێد لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە ئامادەبوونی كەسایەتییە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی، لێكۆڵەران، ڕۆژهەڵاتناسان و ئاکادیمیسیەنەکان بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا پانێلێک بۆ مەسەلەی نەتەوەخوازی لە كوردستانی ئێران تەرخان کراوبوو و حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێرانیش وەک نموونە وەرگیرابوو.

ئەو کۆنفڕانسە لە لایەن كارڵ برادشۆ، خوێندكاری کارناسیی باڵا، بەڕێوەچوو و ناوبراو خۆی کاری لێکۆڵێنەوەکەشی ئەنجام دابوو.

بڕادشۆ لەسەرەتای کۆنفڕانسەکەدا، باسێكی گشتی لە سەر سەرهەڵدانی بیری نەتەوەخوازی لە نێو گەلانی ڕۆژهەڵات كرد و دواتر سەرەتاكانی بیری ناسیۆنالیستی لە نێو كورددا بۆ ئامادەبووان ڕوون كردەوە.

ناوبراو لەو کۆنفڕانسەدا باسی لەوە كرد كە بەرهەمەكانی بیری ناسیۆنالیستی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە دامەزراندنێ كۆمەڵەی ژێكاف و دواتریش حیزبی دێموكرات و دامەزراندی كۆماری كوردستان و لێكەوتەكانی گەیشتە لووتكەی خۆی.

كارڵ برادشۆ لەو کۆنفڕانسەدا، مێژووی ٧٢ ساڵەی حیزبی دێموكراتی بۆ بەشداربووان بە چەند بەشی جیا جیا باس كرد.

ناوبراو باسی لە دامەزراندن و ڕووخانی كۆماری كوردستان و لە سێدارە دانی پێشەوا، قۆناغی نەهێنی خەباتی حیزبی دێموکرات، شۆڕشی ٤٦-٤٧، قۆناغی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە كایەی خەباتی ئاشكرای حیزبی دێموکرات تا ساڵی ١٩٩٠ باس كرد.

برادشۆ پاشان باسی لە قۆناغی دوورخستنەوەی حیزبی دێموكرات لە سنوورەكان و هەروەها تێرۆرەكانی سەر ئەندامانی و كادر و پێشمەرگەكانی حیزب و تۆپبارانی بنكە و بارەگاكانی حیزب كرد.

لەو کۆنفڕانسەدا ناوبراوبر بە تێر و تەسەلی باسی لە تێرۆركرانی هەر دوو ڕێبەری حیزبی دێموكرات لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر مێزی وتووێژ كرد و ڕەخنەی زۆر قوڵی لە بێدەنگی وڵاتانی ئورووپایی بەرانبەر ئەو تێرۆرە و پێشێلكاریانەی ڕێژیمی ئێران گرت.

برادشۆ لە درێژەی ئەو کۆنفڕانسەدا، باسێكی لەسەر مانا و چەمکی وشەی كوردایەتی لە نێو كورداندا كرد. برادشۆ لەبارەی مەسەلەی خەباتی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموكرات لە بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەوەی ڕوون كردەوە كە حیزبی دێموكرات چەک تەنیا بۆ دیفاع لە گیانی خۆی بەكار دەهێنێت نەك بۆ هێرش بردنە سەر دوژمن، هەروەها باسێكی لە سەر ڕاسان و وەرزی نوێبوونەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد.

لەكۆتایی ئە کۆنفڕانسەدا ناوبراو روونی كردەوە كە دەیهەوێ بە شێوەی ئاكادمیانە خەباتی كورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و حیزبی دێموكرات بە تایبەتی بۆ ڕۆژئاواییەكان ڕوون بكاتەوە و بیگەیەنێتە ناوەندە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكان.