کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان

11:43 - 28 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: باوکی دوو شەهیدی سەربەرزی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتمان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، حاجی عەلی ئەحمەدی خەڵکی هوویە سەر بە ژاوەرۆی سنە، باوکی شەهیدان عوسمان و حەمەحسەین ئەحمەدی، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

حاجی عەلی کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو کە لە تەواوی ساڵانی تەمەنیدا بەردەوام سەرقاڵی هاوکاری کردن و یارمەتیدانی خەڵک بووە؛ هەروەها لە پاش شەهیدبوونی کوڕەکانی هەموو کات بە شانازییەوە باسی لە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی دەکرد.

شەهید حەمەحسەینی کوڕی حاجی عەلی، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە هوویە لە دایک بوو؛ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەست بە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات بوو و توانی پلەی جێگری پەل وەدەست بێنێت؛ ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە ئەنجامی دەرگیرییەکی نابەرامبەر لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە کوڕەمریەم شەهید بوو و تەرمەکەی بۆ هوویەی شوێنی لە دایک بوونی گوازرایەوە.

شەهید عوسمان ئەحمەدیش ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە هوویە لە دایک بوو؛ لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شەڕێکی نەخوازراو و داسەپاودا لە بێساران، تووشی شەڕ لەگەڵ ئازادیکوژان بوو و گیانی خۆی کردە پردەبازی ئازادی؛ دواتر تەرمەکەی بۆ شوێنی لەدایک بوونی گوازرایەوە و لەوێ بە خاک ئەسپێردرا.

تەرمی حاجی عەلی ئەحمەدی ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەدا لە نیزیک گۆڕی کوڕە شەهیدەکانی ئەسپەردەی خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ لەدەستدانی کەسایەتییەکی بەرزی لەم چەشنە، خۆی بە شەریکی خەمی بنەماڵەکەی و خەڵکی ژاوەرۆ بە گشتی و خەڵکی هوویەی هەمیشە دێموکرات بە تایبەتی دەزانێت.