کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆچەر بیرکار" وەک بیرمەندی یەکەمی ساڵ لە جیهاندا هەڵبژێردرا

17:44 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دامه‌زراوه‌ی "پرۆسپێكت"، پڕۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار"، زانای کوردی بواری بیرکاریی وه‌ک بیرمه‌ندی یەکەمی جیهان هه‌ڵبژارد.

ڕۆژی سێشه‌ممه، ١٢ی خەرمانان،‌ دامه‌زراوه‌ی "پرۆسپێكت"، براوه‌ی پێشبڕكێی ٥٠ كه‌سایه‌تیی ناوداری جیهانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسناوی "بیرمه‌ندی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩"ی ڕاگه‌یاند و ئاشكرای كرد كه‌ "كۆچه‌ر بیركار"، مامۆستای کوردی زانكۆی "كەمبریجی بریتانیا"، وه‌ک یەکەم بیرمه‌ندی ساڵ‌، هه‌ڵبژێردراوه‌.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیی دامه‌زراوه‌ی "پرۆسپێكت"، ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له‌ ده‌نگدانی ئینته‌رنێتیی ئەم دامەزراوەیەدا كردووه‌ و له‌ كۆتاییدا ئه‌م بیركاره‌ كورده‌، وه‌ک كه‌سی یه‌كه‌م ده‌رچووه‌ و ناسناوه‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە: "بیرکار کوردێکی ئێران و یەکێک لەو چوار پارچەیەیە کە نیشتمانی گەلێکی بێ دەوڵەتن و ئەو گەلەی کە هەموو کات وڵامی داخوازییان بۆ مافە نەتەوەییەکەیان، هەمیشە بە مستی ئاسنین دراوەتەوە".

"كۆچه‌ر بیركار" ساڵی ٢٠١٨ خه‌ڵاتی "فیڵدزی بیركاریـ"ـی كه‌ به‌ نۆبێلی دونیای زانستی بیركاری هه‌ژمار ده‌كرێت، بردووه‌ته‌وه‌.

"فەرەیدوون درەخشانی" ناسراو بە "کۆچەر بیرکار"، بیرکارێکی ھاوچەرخی کوردە کە ساڵی ١٩٧٨ی زایینی، لە گوندی "نێـ"ـی سەر بە شاری مەریوان لەدایک بووە و لە ئێستادا لە زانکۆی "کەمبریج" پڕۆفیسۆرە.