کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی تایبەت بۆ یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

10:27 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: کۆڕێکی تایبەت بۆ یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان، لە شاری دوویزبورگی ئاڵمان، بەڕێوە چوو.

رۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، پارتی سۆسیالیستی کوردستان و ڕێکخراوی کۆمکار، بە هاوبەشی کۆڕێکی تایبەت بۆ یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان، لە شاری دوویزبورگی ئاڵمان بەڕێوە برد.

لەو کۆڕەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئورووپای ناوەندی و  ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی چوارپارچەی کوردستان بەشدار بوون و بەو بۆنەوە وتاریان پێشکەش کرد.

شەهریار نەقشبەندی لە قسەکانیدا مێژووی چل ساڵ دەسەڵاتی پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێران لە لایەک و خەباتی ڕەوای گەلی کورد و بەتایبەت خۆڕاگریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو لە لایەکی دیکەوە بۆ بەشداربووان شی کردەوە.

نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەم بە هۆی دۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی سەقامگیربوونی و هەمیشە وەک دەرفەتدانێک بە کۆماری ئیسلامی لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی خواستی ڕەوای گەلی کورد بە ڕێگەی ئاشتی و هەڵگرتنی دۆخی ئەمنییەتی سەر کوردستان وازی لە خەباتی پێشمەرگانە لە نێوخۆی وڵات هێنا، بەڵام ڕێژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لەو دەرفەتە وەرنەگرت و بەپێچەوانەوە زیاتر دەستی کرد بە چەوساندنەوەی گەلی کورد و گرتن و ئەشکنجە و لەسێداردانی چالاکانی سیاسی و مەدنی. هەر بۆیەش حیزبی دێموکرات لە بەهاری ٢٠١٦دا وەرزێکی نوێی لە خەبات و تێکۆشان بە ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەست پێ کرد و خەباتی شاخ و شاری پێکەوە گرێ دا. خەباتی نوێی گەلەکەمان هەموو قوژبنێکی کوردستانی گرتەوە و کۆمەڵانی خەڵک پاڵپشتیان کرد و ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ نێو شار و گوندەکان گەڕانەوە و ئەوەش گۆمی مەندی کۆماری ئیسلامی شڵەژاند، کە بانگەشەی پێوە دەکرد و ئەم خەباتە لە ئاستی هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە. کۆماری ئیسلامی کە لە مەیدانی کردەوەدا لە بەرانبەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات شکستی خوارد، بۆ چاوترسێنکردنی گەلی کورد و قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەربڵاو دەستی کرد بە کوشتنی کاسبکارانی سەرسنوور، ژینگەپارێزان و زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان. تاوانکاری و تێرۆریزمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا هەموو سنوورێکی ئەخلاقی و نێودەوڵەتی بەزاند و کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزی دەرەوست و دڵسۆزی کوردی لە ئاگری ڕق و قینلەدڵیی خۆی سووتاند. لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان سێ لاوی بێتاوانی لە سێدارە دا و هەمان ڕۆژ بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە و بە دەیان کادر و پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. ڕێژیم لە درێژەی تاوانەکانیدا دوو پیشمەرگەی برینداری حیزبی دێموکراتیشی بە دیلی گوللـەباران کرد، بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی و بەهێزتر لە مووشەک و دەسەڵاتی پڕ لە تاوانی وڵامیان دایەوە و پشتگیریان لە بزاڤە ڕەواکەی خۆیان کرد. حیزبی دێموکرات کە بە هەزاران جار سەلماندوویەتی تاوان و تێرۆری ڕێژیمی ئێران ناتوانێ لە خەبات و تێکۆشان ساردی کاتەوە، ئێستاش پتەوتر لە پێشوو بەڵێن بە هەموو لایەک و بەتایبەت بە شەهیدانمان دەدەین کە ڕاسان هەروا بەردەوام دەبێ و هەتا گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان لە خەبات ناوەستین".