کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی تایبەت بە کۆماری کوردستان بۆ مافناس عوسمان ئایدین بەڕێوەچوو

10:26 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پلاتفۆڕمی کورد-هامبورگ کۆڕێکی تایبەت بە کۆماری کوردستانی بۆ بەرێز عوسمان ئایدین "نووسەر و مافناس"ی باکووری کوردستان بەڕێوە برد و تێیدا ئاوڕ لە کۆمار لەباری حقووقییەوە درایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧١٨ لە شاری هامبورگی ئاڵمان لە لایەن پلاتفۆڕمی کورد-هامبورگ و بەیارمەتی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات کۆڕێکی تایبەت بە کۆماری کوردستان بۆ بەرێز عوسمان ئایدین "نووسەر و مافناس" بەڕێوەچوو.

دەسپێکی کۆڕەکە کە لەودا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاکادمی و شارەزایانی سیاسی، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداربوون، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی‌رقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهید پێشەوا قازی و هاوڕێیانی دەستی پێکرد.

دواتر بەرێز ئایدین "تێکۆشەری باکووری کوردستان و دۆستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" قسە و باسە شیکارییەکانی لە باری حقووقیەوە لەسەر کۆماری کوردستان دەست پێکرد.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆمەڵەی ژ-ک و دواتر دامەزرانی حیزبی دێموکرات و سەرئەنجام پێکهێنانی کۆماری کوردستان کرد و وتی:" دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ-ک پاش سێ ساڵ بیریان لە دامەزرانی حیزبێکی مودێرن و هاوچەرخ کردەوە، هەربۆیەش لە گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٥ی زایینی ناوی کۆمەڵەکەیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان گۆڕی و جەنابی پێشەوا وەک ڕێبەری حیزب دیاری کرا و بەوەش حیزبی دێموکرات لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی کورددا بۆ یەکەم جار وەک ڕێکخراوەیەکی مودێڕن هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسی و ڕێگەی بۆ بە ڕێکخراوەیی کردنی پارتەکانیتر کردەوە".

عوسمان ئایدین لە کۆڕە شیکارییەکەیدا بە وردی باسی لە ژیری حیزبی دێموکرات و ڕێبەرییەکەی بۆ کەڵک وەرگرتن لە دۆخی تایبەتی ئەو سەردەمە و دەرفەتێک کە بۆ خۆناساندن و هەستانەوەی کورد خوڵقابوو، کرد و دواتر ڕەهەندە تایبەتییەکانی کۆماری کوردستان و دەستکەوتە بەنرخەکان و ڕۆڵی بارزانییەکان لە یارمەتیدانی کۆماری کوردستانی بۆ بەشداربووان خستەروو.

ناوبراو لە کۆتابەشی قسەکانیدا و لە ڕوانگەی نەتەوەیی و یاساییەوە لە پێوندی بە پرسی :"ئایا کۆماری کوردستان دروستە یان کۆماری مەهاباد"؟ وتی:" ئێمە ئەگەر بە وردی لە هەموو بوارێکەوە ئاوڕ لە کۆماری کوردستان و بەتایبەتیش لە پێکهاتەی بەڕێوەبەری کۆمار بدەینەوە، دەبینین لە پارچەکانیتر و لە شارەکانی دەرەوەی بازنەی بەرێوەبەری کۆماری کوردستان خەڵکیتر بەشدار بوون و بەرپرسیارەتی باڵایان پێبەخشرابوو، هەربۆیە من ئەو دامەزراوەیە وەک یەکەم کۆماری مودێڕن لە مێژووی کورددا بە کۆماری تێکرای نەتەوەیی کورد دەزانم و پێموایە ئەوە کە جاروبار لێرەولەوێ بە کۆماری مەهاباد ناوی دەبەن، زیاتر بۆ سیاسەتی داگیرکەران و هەوڵدانیان بۆ کەمکردنەوەی نرخ و بایەخی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە، مەهاباد پێتەختی کۆماری کوردستان بوو بەڵام ئەوە کۆماری کوردستانە کە خاوەنی مەهابادە نەوەک مەهاباد خاوەنی کۆماری کوردستان بێت و پێویستە ئێمە لەو بارەوە وریا بین و کۆماری کوردستان وەک خۆی ناوی لێ بنێین".

لە بڕگەی کۆتایی کۆڕەکەدا بەشداربووان پرسیار و تێبینی خۆیان لە کاک عوسمان ئایدین کرد و بەرێزی بە وردی وڵامی دانەوە.