کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی سیاسی بۆ شەهریار نەقشبەندی بەڕێوە چوو

11:43 - 7 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی ئاڵمان کۆڕێکی سیاسی، بۆ بەرپرسی ڕێکخستنی ناوەندی ئورووپا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی، ٣ی ڕەشەمە، لەشاری هامبۆرگی ئاڵمان، کۆڕێکی سیاسی بۆ شەهریار نەقشبەندی، لەسەر ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاریگەرییەکانی بەسەر خەباتی گەلانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.

ئەم کۆڕە لە لایەن ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و کۆڕی ئێرانییانی دانیشتووی هامبۆرگ بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان ڕێک خرا.

لە دەستپێکی کۆڕەکەدا، شەهریار نەقشبەندی باسێکی لەسەر مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا وەک حیزبێکی مودێڕن و سەردەمیانە دامەزرا خستەڕوو. نەقشبەندی لە درێژەی باسەکەیدا پرژایە سەر مێژووی چل ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بە دژی ڕێژێمی تیڕۆریستی کۆماری ئیسلامی و وتی: "هەر لە بنەڕەتدا و کاتێک جیهان لەگەڵ شەڕی ماڵوێرانکەری دووهەم سەرقاڵ بوو و یەکتریان دەکوشت، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر دەستی تێکۆشەرانی لێزان و ئازادیخواز و باوەڕمەند بە کۆنوانسیۆنەکانی مافی مڕۆڤ، لە لایەن بەڕێز پێشەوا قازی دامەزرا و دواتر توانی کۆماری کوردستان دابمەزڕێنێت، کە لە ماوەی یازدە مانگ تەمەنی خۆیدا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی بۆ نەتەوەی کورد بەدەست هێنا. کۆمارێک کە تا ئێستاش گەلی کورد وەک کۆڵکە و نوێنگەی گەیشتن بە مافە ڕەواکانی بۆ خەبات و تێکۆشان پشتی بە ئەزموون و ئامانجکانی بەستووە. ئەو کۆمارەی کە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزرا هەتا ئێستاش وەکوو حیزبی دێموکرات باوەڕی پێیەتی و کاری لەسەر دەکات.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆری هەوڵی دا لە ڕێگەی ئاشتییانەوە پرسی کورد لە چوارچێوەی کوردستانێکی خودموختار لە ئێرانێکی دێموکراتیکدا چارەسەر بکات، بەڵام حکوومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو کە باوەڕەکانی لەسەر نەریتی دواکەوتووانەی سەدە نێوەڕاستییەکان داڕشتبوو، هەڵگری پەیامی ئاشتی نەبوو و لە کۆتاییشدا و بە دەرکردنی فتوای جیهاد لە لایەن ڕێبەری ئەو کاتەوە شەڕێکی ماڵوێرانکەری بەسەر کورددا سەپاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی جەماوەری و خاوەن پێگە، بە پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان توانی ڕووبەڕوویی ببێتەوە و ئەوە چل ساڵە لە دژی حکوومتی تۆتالیتری زاڵ بەسەر ئێراندا خەبات دەکات".

لەسەر ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو خەباتی گەلانی ئێران، شەهریار نەقشبەندی درێژی بە قسەکانیدا و وتی: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە کوردستان وەک حیزبێکی سەرەکیی خاوەنی پێگەی بەرینی جەماوەرییە، لە ئاستی ئێرانیشدا نیشانی داوە کە لە هیچ موعادڵەیەکی سیاسی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات سەرکەوتوو نابێت، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین نموونەی ئەو قسەیە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە لە دژی گەلی کورد کاری کردووە، فتوای جیهادی بەسەردا سەپاند، ڕێبەرانی لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کرد، بە سەدان تێکۆشەری تێرۆر کرد؛ بەڵام ئەو ڕێژێمە بۆ تاقە ڕۆژێکیش نەیتوانیوە لە کوردستان بەبێ سەرکوت و گرتن و ئێعدامی جیابیران حکوومەت بکات. لە لایەکی ترەوە حیزبی دێموکرات توانیویەتی لە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت و لە نوێترین هەوڵەکانیشیدا توانی لەسەر پێکهێنانی هاوپێوەندی لە پێناو ئازادی و بەرانبەری لە ئێراندا ڕۆڵی کارا بگێڕێت و لە کوردستانیش وێڕای سێ لایەنی تری خەباتکار هاوپەیمانی ببەستێت.  لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشدا یەکێک لەو حیزبە دیار و بەرچاوانەی کوردستان و ئێرانە کە پێگەی لە نێو موعادڵەکاندا لەبەرچاو دەگیردرێت و بۆ پرس و ڕاوێژەکان سەردانی دەکرێت".

لە کۆتابەشی کۆڕکەدا، بەشداران پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان ئاراستەی شەهریار نقشبندی کرد و ناوبراویش بە وردی وڵامی دانەوە.