کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کیڵگەیەکی تری ماددەی هۆشبەر لە کوردستاندا دۆزرایەوە

11:42 - 14 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی دۆزرانەوەی کێڵگەکانی ماددەی هۆشبەر لە کوردستاندا، ئەمجارە کێڵگەیەک لە شاری بۆکان دۆزراوەتەوە کە خاوەنەکەی کەسێکی تارانییە.

هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، باسیان لە دۆزرانەوەی ٦٢٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەری "گوڵ" لە شاری بۆکاندا کردووە.

زەویی ئەم کێڵگەیە بە ڕووبەری ٥٠٠ متر، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، لە لایەن کەسێکی تارانییەوە و بە مەبەستی چاندنی ماددەی هۆشبەری "گوڵ" بە کرێ گیراوە.

نرخی ئەو ماددە هۆشبەرەی کە لەم کێڵگەیەدا دەستی بەسەردا گیراوە، ٤٥ ملیۆن تمەنە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکاندا باس لەوە دەکەن کە پێش بە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا دەگرن، بەڵام خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە مۆڵەتی بە کرێ گرتنی کێڵگەگەلێکی لەم چەشنە بە مەبەستی چاندنی ماددەی هۆشبەر لە لایەن خودی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەدرێت و ئەم دامەزراوەیەی ڕێژیم، ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم ماددانەدا دەگێڕێت.