کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی بێ ئاوی بەرۆکی خەڵکی گرتووە

11:53 - 12 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی گوندی ''خوڕەم ئاوای خواروو''، سەر بە شاری ڕوانسەر، کێشەی نەبوونی ئاویان هەیە و تاکوو ئێستا بەدواداچوون و داواکارییەکانیشیان بێ وڵام ماوەتەوە.

لە گوندی ''خوڕم ئاوای خواروو''، سەر بە شاری ڕوانسەر، بیری ئاوی خواردنەوەکەی کە چەندین ساڵە لە لایەن خەڵکی ئەم گوندەوە ئیدارە دەکرێت، ئێستا چەند ڕۆژە خراپ بووە و خەڵکی ئەم گوندە بێ ئاون.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەندین جار لە لایەن ناوەندی تەندروستیی پارێزگای کرماشانەوە سەردانی ئەم گوندە کراوە و بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە کە ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندە پیسە و بۆ خواردنەوە نابێت.

سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ناوەندی تەندروستیی پارێزگاوە هۆشداری بە خەڵکی ئەو گوندە دراوە، بەڵام لە لایەن کاربەدەستانەوە هیچ هەنگاوێک بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن و تەندروست بۆ ئەم گوندە کە لە ١٣٠ بنەماڵەوە  پێک هاتووە، هەڵنەگیراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا کیشەی ئاو لە چەندین شار و گوندی کوردستان و ئێراندا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانیش هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە ناگرنە بەر.