کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی بێئاوی گۆلی ورمێ بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە

18:33 - 27 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پرۆژەی ڕاگواستنی ئاو لە تورکیە بۆ گۆلی ورمێیان هەڵوەشاندنەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری بەڕێوەربەری ستادی بووژانەوەی گۆلی ورمێ بڵاویان کردەوە کە هیچ بەرنامەیەکمان بۆ ڕاگواستنی ئاو لە گۆلی وانی تورکیە بۆ گۆلی ورمێ نییه و ئێمە ئەو هەواڵەش بە هیچ شێوەیەک پشتڕاست ناکەینەوە.

لەو پێوەندییەدا، ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ئاوی گۆلی وان ماددەی شیمیایی تێدایە و لەگەڵ ئاوی گۆلی ورمێ گونجاوی نییە، بۆیه ئەو پڕۆژەیە هەڵوەشاوەتەوە.

هەو لەو پێوەندییەدا، ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە کە ڕاگواستنی ئاو لە چۆمی ئاراسیش بۆ گۆلی ورمێ هەڵوەشاوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیدعایان دەکرد، ڕێژەی ئاوی گۆلی ورمێ زیاد بووە، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی ئاوی گۆلی ورمێ نیسبەت بە ساڵی ڕابردوو ١٨ سانتیمیتر دابەزیوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی کە تەنیا ڕێگای ئاوهێنان بۆ گۆلی ورمێ کەڵکوەرگرتن لە بەنداوی کانی سێوە.

گۆلی ورمێ قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە و هەتا ئێستە بۆ بووژانەوەی ئەو گۆلە کە داهاتی سروشتی و سامانی نەتەوەیی کوردستانە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەڵنەگیراوە. 

گۆلی ورمێ‌ نزیك بە ٤٠ ساڵە نیشانەكانی نەخۆشبوونی خۆی پیشان دەدات، بەڵام هیچ كام لە ڕێژیمە دەسەڵاتدارەكان هەتاكوو ئێستاش هیچ هەوڵێكیان بۆ چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزیوەتەوە؛ بەپێچەوانە ڕێژیمەكان بە بێ‌ مشووری هەرچی زیاتر له وشکبوون و فەوتانی خێراتری ئەم گۆلە یارمەتیدەر بوون.