کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی زبڵی مەریوان هێشتا چارەسەر نەکراوە

12:38 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەریوان لەبەرانبەر نەگواستنەوەی زبڵەکانیان بۆ شوێنێکی لەبار، شارەداریی مەریوان بە گۆڕینی شوێنی کۆکردنەوەی زبڵەکان  هەوڵی چەواشەکردنی بابەتەکە دەدات.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ، خەڵکی شاری مەریوان، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کۆکردنەوەی زبڵەکانی ئەم شارە لە دەوروبەری گوندەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی شاری مەریوان، زبڵەکانیان لە پارکینگی شارەداریی ئەو شارەدا کۆ کردەوە و ئاگریان تێبەردان.

دوای تێپەڕینی نزیک بە مانگێک بەسەر ئەم ڕووداوەدا، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم لەم شارە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە وڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە، تەنیا شوێنی کۆکردنەوەی زبڵەکانیان گۆڕیوە و هێشتا کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە.

لەم پێوەندییەدا، عرفان حوسێنی، چالاکی ژینگەپارێزی و بەرپرسی ئەنجومەنی سەوزی چیای شاری مەریوان ڕایگەیاند: "کۆنەکردنەوەی زبڵەکان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی دڵ و سییەکان و تەنانەت بووەتە هۆی لەدایکبوونی منداڵانی کەمئەندام لە شاری مەریواندا".

زبڵەکانی شاری مەریوان پێشتر لە گوندی حەسراوا کۆ دەکرانەوە، کە ببووە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگەی ئەو گوندە.

دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی هاووڵاتیانی مەریوانی لە بەرانبەر شوێنی کۆکردنەوەی زبڵەکان، محەممەد شەفیعی، فەرمانداری شاری مەریوان وتبووی: لە بەشی تایبەتدا سەرمایەگوزاری دەکەن بۆ دروستکردنی کارخانەی لابردنی پاشماوەکان، بەم شێوەیە کێشەی زبڵی شاری مەریوان چارەسەر دەبێت.

بەڵام دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری مەریوان و دانیشتووانی ئەو گوندانەی کە زبڵەکانیان لێ کۆ دەکرایەوە، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک  بەشێوەیەکی کردەیی بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەم شارە هەڵنەگیراوە.