کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی قوتابخانەکانی کوردستان دواییان نایەت

17:01 - 22 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرلەبەیانی دوێنێ دیواری حەوشەی قوتابخانەی ئاوایی تورجان هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان ڕووخا کە بە خۆشییەوە ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.

چالاکێکی فەرهەنگی ئەم ناوچەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: ڕووخانی دیواری حەوشەی ئەم قوتابخانە لە کاتێکدایە کە ژووری قوتابخانەکانیش بەهۆی کۆن بوون و بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوو درز و قەڵەشیان تێکەوتووە و تا ئێستاش ھەر وەکوو خۆی ماوەتەوە و ھیچ ئۆرگانێکی دەوڵەتی سەرەڕای ئاگادارکرانەوەیان لەلایەن خەڵک و مامۆستایانەوە ئاوڕی لێنەداونەتەوە.

بەوتەی ناوبراو خەڵک نیگەرانی ئەوەن کە ژوورەکانیش ھەر وەکوو حەوشەکە بڕووخێ و گیانی منداڵەکان بکەوێتە مەترسییەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و دەنگدانەوەکانی لە دنیای مەجازی، بەرپرسانی پێوەندیدار بۆ ئەوەیکە ڕەخنەکان لەسەریان لابچێت لەوپەڕی ڕووهەڵمالراوی ڕایانگەیاند کە ڕووخاندنی

دیوارەکە بە بڕیاری خۆیان بووە و مەبەستیان پێشگیری کردن بووە لە حاڵەتێکی نەخوازراو بەڵام دانیشتوویەکی گوندی تورجان لەمبارەوە بە "کوردستان میدیا"ی وتووە: ئەم قسانە هیچ فڕێکیان بەسەر ڕاستییەوە نییە و ئەوان دەیانهەوێ بەم چەشنە قسانە کەمکاری و کەمتەرخەمییەکانی خۆیان بشارنەوە.

بەوتەی ئەم هاووڵاتییە هەنووکە خەڵکی ئاوایی بۆ دانەبڕانی قوتابیان لە خوێندن، ژێرزەوینی مزگەوتی ئاواییان بەمەبەستی دەرس خوێندن ئاوەدان کردۆتەوە و بڕیاریان داوە تاکوو بیرێکی ئەساسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابخانەکەیان نەکرێتەوە لەو شوینە تازە دەرس بە منداڵەکانیان بوترێتەوە کە لانیکەم ئەمنیەتی گیانییان پارێزراوە.