کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی نەبوونی کارەبا، کوردستان و ئێرانی گرتەوە

12:14 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کێشەی نەبوونی، کارەبا چەندین پارێزگای کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بۆ قەرەبووکردنەوەی کێشەکە، جیرەبەندیان دەست پێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  دوو ڕۆژە لە هەر کۆڵانێكی شاری مەهاباد دوو هەتا سێ کاتژمێر کارەبا دەپچڕێت و ئەوەش ماوەیەکە وەک بەرنامەی ڕۆژانە لە لایەن ئیدارەی کارەبای ئەو شارە بەڕێوە دەچێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە، ماوەی دوو ڕۆژە لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار،  سەردەشت،  نەغەدە، بۆکان و سەقز کارەبا دەپچڕێت.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ڕێژیم، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پایەبەرزی دەوڵەتی ڕۆحانی ئامارێکی لەسەر دۆخی ئاو لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە، کە بەپێی ئەو ئامارە نیوەی حەشیمەتی ئێران ساڵێکی کەمئاو و دژواریان لە پێشدایه، بە شێوەیەک کە هەندێک لە شارەکان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە ئیتر ئاوی خواردنەویان نابێت و ئەوەش کێشەیەکی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەکات.

هاوکات ئیدارەی دابەشکردنی کارەبای ئێران ڕایگەیاندبوو، کە ئەم هاوینە لە زۆربەی شارەکانی ئێران بە هۆی  بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی داخوازی بەکارهێنانی کارەبا، دابەشکردنی کارەبا، جیرەبەندی دەکرێت.

 وەزیری وزەی دەوڵەتی یازدەیەم ساڵی ٩٤ باسی لە پچڕانی بەردەوامی کارەبا، لە ساڵەکانی داهاتوودا کردبوو، کە ئەو کێشەیە نە تەنیا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بگرە زیاتریش ببێت.