کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ کەس لە دەسبەسەرکراوانی شاری \"دووڕوود\" بە زیندان مەحکووم کراون

16:16 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: شەش کەس لە خەڵکی شاری دووڕوود سەر بە پارێزگای لوڕستان، کە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کرابوون بە زیندان مەحکووم کراون.

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە ناوچەکانی زاگرۆس و لە شارەکانی لوڕستان، ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژی ڕێژیم زۆر لەسەر بوو و ماوەیەکی زۆر خەڵک لەسەر شەقامەکان بوون و زۆر کەس دەسبەسەرکران و تەنانەت چوار کەسیش لە خەڵکی شاری دووڕوود بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژران.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دادگای شاری دووڕوود، شەش کەس لە دەسبەسەرکراوانی بە تاوانی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری و ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کردووە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە هەتا ئێستە ئامارێکی ڕوون لەسەر دەسبەسەرکراوەکان لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسی زۆر کەس لە خەڵکی شاری دووڕوود نادیارە.