کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەساییەتییەکی نیشتیمانپەروەر کوچی دوایی کرد

11:31 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر لە ناوچەی سۆمای سەر بە شاری ورمێ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر، کاک ''فەیسەڵ فەرزانە''، خەڵکی گوندی ''کەینیسی''، سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، لە تەمەنی هەشتاد ساڵیدا کوچی دوایی کرد.

کاک "فەیسەڵ" لە سەرەتای دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، وەکوو ئەندامێکی هێزی بەرگری لە گوندی کەینیسی خزمەتێکی بێوچانی بە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد.

هەروەها لە دوای شەڕی "جەتەر"، بۆ ماوەیەک ماڵی ناوبراو وەکوو شوێنی حەسانەوە و دەرمانکردنی بریندارانی شەڕی جەتەر دەبێت و هەر بەو هۆیەوە هەمیشە وەکوو کەسێکی جێی متمانە و جێی بڕوای خەڵکی ناوچەکە دەناسرا و ڕێزیان لێ دەگرت و تا دوا چرکەی ژیانی هەر بەو ڕێبازە وەفادار مایەوە.

تەرمی نابراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.