کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتیی ناسراو و "ساداتی بنەماڵەی نەهری" لە ورمێ کۆچی دوایی کرد

11:08 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کەسایەتیی نیشتیمانی و جڤاکیی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ، شێخ سەید فاروق گیلانی‌زادە، لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شێخ سەید فاروق گیلانی‌زادە، کوڕی سەید عەبدولقادر گیلانی‌زادە و نەوەی سەید عەبدوڵای نەهری، ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە شارەدێی دزە سەر بە ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ لەدایک بووە و بەهۆی کەسایەتیی بەرزی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتیی خۆی و بنەماڵە و باب و باپیرانی، خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بووە لەسەر ئاستی کوردستان.

سەید فاروق گیلانی‌زادە و بنەماڵەی بەڕێزیان، بە هۆی مێژووی پڕشنگداری بەشداری لە هەندێک لە جووڵانەوەکانی نەتەوەکەمان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، چ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و چ لە باکوور و چ لە باشوور و هاوکات بەهۆی ناوبانگی بنەماڵەییان لە بواری ئایینیەوە، خاوەنی لایەنگر و موریدێکی زۆرن لە ناوچەکانی ورمێ و موکریان و باکوور و باشووری کوردستان.

تەرمی خوالێخۆشبوو سەید فاروق، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و لە گۆڕستانی دزەی مەڕگەوەر، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەس و کار و خەڵکی دزە و ناوچەی مەڕگەوەر رادەگەیەنێ و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.