کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو ماڵاوایی لە ژیان کرد

10:14 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانە، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "محەممەدئەمین ئەرسەنگ"، کەسایەتی خۆشناو و بەناوبانگی ناوچەی مەهاباد، لە تەمەنی ٨٠ ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەدئەمین برای شەهید "کەریم ئەرسەنگ"، ناوبراو کەسێکی جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید "کەریم ئەرسەنگ" ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە گوندی "قۆزڵووی بچووک" لە دایک بوو. ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە قەرەقشڵاخی مەهاباد، لە ئەنجامی شەڕ دژی داگیرکەرانی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید کەریم، لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا به هۆی لێوەشاوەیی و توانایییەکانی بوو بە جێگر لک و ئەرکی پێشمەرگایەتییەکەی هەتا کاتی شەهیدکرانی لەو پۆستەدا ڕادەپەڕاند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسایەتییە خۆشناوە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.