کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت

13:35 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی خۆشناو و مامۆستایەکی نیشتمانپەروەری شارەکانی سەردەشت و مەهاباد، کۆچی دوایی کرد و وانەی نیشتمانخۆشەویستیی بۆ نیشتماندۆستان بەجێ هێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی پووشپەڕ، "محەممەد عەبداڵی"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی شارەکانی سەردەشت و مەهاباد، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

 کوڕێکی کاک "محەممەد"، بە ناوی "کاوە عەبداڵی"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوەی وڵاتە.

کاک "محەممەد عەبداڵی"، لە ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی، لە گوندی "هەڵوێ" سەر بە شاری سەردەشت لەدایک بووە و تەواوی تەمەنی لە ڕێگەی پیشەی مامۆستایی و پەروەردە و بارهێنانی لاوانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستاندا بردە سەر و لەو ڕێگایەوە خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی دەکرد و لاوانی کوردی فێری نیشتماندۆستی دەکرد.

تەرمی ناوبراو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، لەنێو ئاپۆڕای بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی شاری مەهاباددا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپیردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.