کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر سەر بە بنەماڵەی بەرزنجی کۆچی دوایی کرد

11:03 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: حاجیە سەیدە خەدیجە مووسەوی کچی شاعیر و خواناسی کورد سەید بابا ئیسماعیل بەرزەنجی ناسراو بە زەبیحی و نەوەی شێخ ئەحمەدی بەرزەنجی غەوساباد ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ لە شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ئەم خاتوونە ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی لە گوندی شاوانەی سەر بە شاری شنۆ و لە داوێنی بنەماڵەیەکی خاوەن بیر و ئایین کە بە بنەماڵەی شێخ بابا سەعیدی بەرزەنجی غەوساباد ناسراون ، لە دایک بوو.

ئەم بنەماڵەیە گەورەپیاوانی خاوەنی عیلم و زانست و شێعر و عێرفانیان لێ ھەڵکەوتووە کە ناودارترینیان شێخ بابا سەعید بەرزەنجییە کە بە ھۆی دژایەتی بە دەوڵەتی عوسمانی لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیھانی لە لایەن ھێزەکانی عوسمانی لە گوندی کەرێزەی گڵی لە نیزیک شاری بۆکان شەھید کراوە.

لە سەردەمێک کە بە دەگمەن ھەڵدەکەوت ئافرەتان مافی دەرس خوێندنیان ھەبێ ، سەید بابا ئیسماعیل زەبیحی بەپێچەوانەی باوی ئەو سەردەم، زۆر ڕووناکبیرانە کچەکانی فێری دەرس و تیبی سوننەتی دەکات تا خزمەتگوزاری گەل بن.

ئەم خاتوونە کە ھاوسەری حاجی ڕەحیم خانی رووئین‌تەنی مەحموودئاوا بوو، لە گوندی مەحموودئاوا و شاری ورمێ ژیانی بردۆتە سەر و نموونەی ژنێکی بوێر و دڵسۆزی کوردە کە خەمی گەلەکەی بەتایبەت ئافرەتانی لە گیان و دڵی خۆیدا دەدیت، ھەر بۆیەش لە زۆر شوێنان پێی لە جێی گەورە پیاوان ناوە و ھەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی خۆی بۆ کۆتایی ھێنان بە گیروگرفتی زۆریەک لە بنەماڵەکان لە شارەکانی ورمێ، مەھاباد، نەغەدە، شنۆ و پیرانشار نیشان داوە. ھەر بۆیەش دوای بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی ئەم خاتوونە نیشتمانپەروەرە، زۆربەی خەڵکی ناوچە بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردن و پرسە و سەرەخۆشی، خۆیان بە خەمباری ئەم کۆچە زانی.

شایانی باسە ئەم دایکە دڵسۆزە لە گوندی جاشێرانی سەر بە شاری شنۆ و لە نیزیک مەزاری باب و باپیرانی تەسلیمی خاکی نیشتمان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.