کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

11:30 - 25 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ناسراوی خەڵکی شاری پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ٢٥ی گەلاوێژ، "حاجی خدر عەبدی"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی خەڵکی گوندی "قوباد بەگیان"، سەر بە شاری پیرانشار، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە، بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی "خدر"، وەک کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەی "بەری مێرگان"، بە درێژایی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاوکار و یارمەتیدەری کادر و پێشمەرگەکان بووە و ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی تێکۆشەرانی دێموکرات بووە.

حاجی "خدر" هاوکاری و یارمەتیدانی حیزبی، بە ئەرکێکی "سیاسی و نیشتمانی" دەزانی و هەموو کات بە ڕوویەکی کراوەوە ئامێزی بۆ پێشمەرگەکانی حیزب ئاوەڵا بوو.

تەنیا وتەی ناوبراو بۆ پێشمەرگەکان ئەوە بوو: "باوەڕ بە هەموو کەس نەکرێت و جێگا و شوێنی مانەوەتان قایم و شاراوە لە دوژمن بێت".

مام "خدر" بەهۆی هاوکاری لەگەڵ حیزبدا، زۆر جار لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم دەگیرا و بۆ ماوەیەک لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاردا ڕادەگیرا و ئازار و ئەزییەت دەکرا. گرتن و ئازاردانی مۆرەکانی ڕێژیم کاریگەریی لەسەر ورە و ئیمانی نیشتمانپەروەرانەی مام حاجی دانەدەنا و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازە نیشتمانپەروەرانەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.