کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

12:22 - 9 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە کەسایەتییە نیشتمانپەروەرکانی شاری ورمێ کە هەمیشە ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک "حەمید قاسمی"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و ناسراوی شاری ورمێ، خەڵکی گوندی "بانی"، سەر بە ناوچەی "گەلی بەردەڕەش"، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

کاک "حەمید" ساڵی ١٣٢٢ لەدایک بووە و لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسێک بوو کە ماڵ و حاڵی هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە بووە. بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی پێشمەرگەی دەکرد و هەتا دواساتەکانی ژیانیشی هەر پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوو.

کاک "حەمید" لە لای خەڵکی ناوچەکە و شۆڕشگێرانەوە، جێگای باوەڕ و متمانە بوو.

تەرمی ناوبراو بە بەشداریی خەڵکێکی زۆری ناوچەکانی ورمێ، له گوندی "بانی"، بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.