کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسێکی ناوزڕاو لە مەهاباد کوژرا

21:22 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کەسێکی ناوزڕاو کە لە بنەماڵەکەشیدا باوکی چەکداری ڕێژیمی ئێران بووە، به شێوەیەکی گوماناوی کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "ئیسماعیل چووکەڵی" خەڵکی گوندی "ئیندرقاشی شاروێران، سەر بە شاری مەهاباد، کە کەسێکی بەدناو بووە، بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵی خەزووری کوژراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەوە ڕایگەیاند، کاتژمێر٥ بۆ ٦ی سەرلەبەیانی کەسێکی بەدناو بە ناوی "ئیسماعیل چووکەڵی"، کوڕی "مستەفا"، خەڵکی گوندی ئیندرقاشی شاروێرانی مەهاباد لە گوندەکەی خۆیدا کوژراوە".

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەدا باسی لەوە کرد، بنەماڵەی ئیسماعیل لە نێو خەڵک خۆشناو نین و کاتی خۆی باوکیشی چەکداری ڕێژیمی ئێران بووە؛ ئیسماعیل چەتە بووە و ماڵی خەڵکی کاسبکاری بە زۆری چەک داگیر کردووە، هەروەها خەزوورەشی "سدیق چووکەڵی" کە کوڕە مامی خۆیەتی، ئەویش چەکداری ڕێژیمە و لەبەر ئەوەی که ئیسماعیل لە ماڵی سدیق بووە و شەڕەکە لە ماڵی ناوبراو کراوە، سدیق لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کردووە، گومان دەکرێت "ئیسماعیل چووکەڵی"، لە لایەن خۆدی ڕێژیمەوە کوژرابێت.