کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلوپەلی خوێندن بە نرخی ساختە دەفرۆشرێنەوە

15:55 - 1 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: فرۆشگاکانی فرۆشتنی کەلوپەلی خوێندن، ئەو کەلوپەلانەی کە کڕینی پێشووترە بە نرخی نوێی بازاڕ دەیفرۆشنەوە و ئەمە شێوازێکە لە فێڵکردن لە خەڵک.

بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، فرۆشگاکانی فرۆشتنی کەلوپەلی خوێندن، لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندندا، ئەو کەلوپەلانەی کە بە نرخی پێشتری بازاڕ کڕدراون، بە نرخی نوێی بازاڕ بە خەڵک دەیانفرۆشنەوە.

هاووڵاتییان لە کاتی کڕینی کەلوپەلەکانی خوێندندا کاتێک کاغەزی نرخی سەر کەلوپەلەکان هەڵدەگرنەوە، دەبینن کە نرخی ڕاستەقینە نرخی ساڵەکانی پێشووترە و بەم شێوازە فێڵیان لێ کراوە.

ئەم فێڵانە کە هیچ کەس و لایەنێکی پێوەندیداریش، چاوەدێریی بە سەردا ناکات، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و کڕیارانی ئەو کەلوپەلانە.

لە لایەکی دیکەوە هەڵکشانی ئاستی هەژاری لە کۆمەڵگا و دەستکورتیی خەڵکی هەژار، وا دەکات کە خەڵک لە کڕینی کەلوپەلی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بکەونە ژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەر.