کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنی چینایەتی لە ئێران زیاتر دەبێت

12:01 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دوایین ڕاپۆرت و ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی تاران باس لەوە دەکەن کە مەودا و کەلێنی چینایەتی لە نێو کۆمەڵگای ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام زیادی کردووە و لە داهاتووشدا لەسەر ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت.

بەپێی دوایین ئامارەکان هەر دەوڵەمەندێکی ئێرانی ٥٧ قات زیاتر لە تاکێکی هەژاری نیشتەجێ لە ئێران بۆ خوێندن، ٥٦ قات زیاتر بۆ تێچووی ڕێستۆران و هۆتێل ڕۆیشتن، ٤٩ قات زیاتر بۆ ڕابواردنی کات، ٤٨ قات زیاتر بۆ دابینکردنی جل و پۆشاک، ٤٠ قات زیاتر بۆ دابینکردنی کەلوپەلی نێو ماڵ، ٢٣ قات زیاتر بۆ سڵامەتی و تەندرووستی، ١٠ قات زیاتر بۆ خانوبەرە و ٨ قات زیاتر بۆ خواردەمەنییەکان پارە سەرف دەکات.

بەپێی ئامار و داتا بڵاوکراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی ڕێژیمەوە کەلێنی چینایەتی لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە بەچەشنێک کە لەسەر بنەمای "زەریبی جینی" لە ٠/٣٧٥ بۆ ساڵی ٩٠ی هەتاوی گەیشتووەتە ٤٠٤٦/٠ بۆ ساڵی ٩٦.

بەکورتی ئەگەرچی تا ئێستاش ئامارێکی ورد و بڕواپێکراو سەبارەت بەم پرسە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو نەکراوەتەوە و وەک کارناسان دەڵێن ئەوەیکە بڵاو دەکرێتەوە پاش تێپەڕاندنی هەندێک فیلتێری تایبەت درکاون بەڵام هەر ئەم ئامارانەش دەریدەخەن کە ئاستی داهات و ڕێژەی دابەشکردنی سامانە نیشتمانییەکان لەوپەڕی نایەکسانی خۆیاندان و کەلێنی چینایەتی لە ئێران ئەم وڵاتەی خستووەتە لیستەی ئەو وڵاتانەوە کە لادانە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا بوونەتە خەسار و گەیشتوونەتە خاڵی قەیران.