کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنی چینایەتی لە ئێراندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی

19:42 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئیران، مەودا و کەلێنی چینایەتی لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا گەیشتووەتە زۆرترین ئاستی خۆی لە دەیەی ٩٠ی هەتاویدا.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، هەڵکشان و داکشانەکانی ئەرزی و هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا، بە زیانی توێژەکانی کەمداهاتی کۆمەڵگە بووە و دابەشکردنی داهاتەکان بە قازانجی دەهەکەکانی سەرەوە بووە کە ئەمە کەلێنی چینایەتیی لە کۆمەڵگەدا پێکهێناوە.

بەرزبوونەوی نرخی دراو و هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین زەبری لە دابەشکردنی داهاتەکان داوە، ئەمە لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاویدا هاتبووە ئاراوە کە بەهۆی یارانە نەختییەکان، کاریگەریی بەرچاوی نەبووە.

لە ڕاستیدا، گرینگترین سیاسەتی ڕێژیم ئەوە بووە لە ڕێگای یارانەکانەوە و لە چوارچێوەی تەزریقی دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنییەوە کاریگەریی گەمارۆکان کەم بکاتەوە و جگە لە ڕانت و گەندەڵییەکان کە لەم سیاسەتەدا بۆ خەڵک سەلمێندراوە، هیچ کاریگەییەکی نەبووە و کەلێنی زیاتر لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دروست بووە.

بەپێی ئامار و داتا بڵاوکراوەکان لە لایەن بانکی ناوەندیی ڕێژیمەوە، کەلێنی چینایەتی لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە، بە چەشنێک کە لەسەر بنەمای "زەریبی جینی" لە ٣٧٥/ ٠  بۆ ساڵی ٩٠ی هەتاوی، گەیشتووەتە ٤٠٩٣/ ٠ بۆ ساڵی ٩٧.