کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمتەرخەمی لە هەمبەر بوومەلەرزەلێدراوان هەتا ئاستێکە، کە ماشینە ئاگرکوژینەکان ئاویان تێدا نییە

12:56 - 7 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کە خێوەتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی سەرپێڵی‌زەهاو ئاگریان گرتبوو، ماشینە ئاگرکوژینەکان بەبێ ئاو ڕۆیشتبوونە شوێنی ڕووداوەکە و تەنیا چاویان لە گڕگرتنی خێوەتەکان کردبوو.

یەکێک لەو کارەساتانەی کە چەندین جارە لە شوێنی خێوەتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ڕوو دەدات، گڕگرتنی خێوەتی ئاوارەکانە، کە ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە.

لە دوایین ڕووداودا کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گەڕەکی فەرهەنگییانی سەرپێڵی‌زەهاو ڕووی دا، بە هۆی تەقینەوەی بتڵی گاز، چەندین خێوەتی لێقەوماوان بە هەموو کەلوپەلەکانیان سووتان.

خاڵی سەرنجڕاکێش لەو ڕووداوەدا، سەرەڕای نەبوونی ئیمەنی لە خێوەتەکان، کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمە؛ لە گرتە ڤیدئۆکاندا کە بڵاو بووەتەوە، ماشینە ئاگرکوژینەکان کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاتبوون، تەنیا سەیری گڕگرتنی خێوەتەکان دەکەن!

ماشینەکانی ئاگرکوژینەوە مەخزەنەکانیان ئاوی تێدا نییە و تەنیا لەوێ ڕاوستاون و ناتوانن یارمەتیدەری لێقەوماوان بن و خەڵک بۆ خۆیان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.

ئەو کەمتەرخەمییەی بنکەکانی ئاگرکوژینەوە لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، ئەوپەڕی کەمتەرخەمی و بێتەگبیریی بەرپرسانی ڕێژیم نیشان دەدات، کە بۆیان گرنگ نییە خەڵک لە چ بارودۆخیکدان و چییان بەسەردا دێت.

نزیک بە حەوت مانگە لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان تێ دەپەڕێت، بەڵام هێشتا بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، بۆ نۆژەنکردنەوە جێبەجێ نەبووە و خەڵک لە نێو خێوەت دەژین.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ٧ هەزار خانووی ڕووخاو لە سەرپێڵی‌زەهاو، تەنیا یەک خانوو نۆژەن کراوەتەوە.