کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی دژ بە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران دەستی بەکار کردووە

12:01 - 1 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دەستی داوەتە دامەزراندنی کاناڵێکی ئانلاین، کە دژ بە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە لێدوان و بابەت بڵاو دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئامریکایی باس لەوە دەکەن، کە دەوڵەتی دانڵد ترامپ بە مەبەستی هاندانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێراندا و گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی تاران، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ناوکی و پاڵپشتیکردنەکانی ڕێژیم لە تێرۆریستان و گرووپە توندئاژۆوەکان، کەمپەینێکی دامەزراندووە، کە لەو کەمپەینەدا بە شێوەی ئانلاین، دژ بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لێدوان بڵاو دەکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەو کەمپەینە لە لایەن مایک پێمپێئۆ، وەزیری دەرەوە و جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی کۆشکی سپییە‎وە پشتگیری دەکرێت.

بڕیارە بە بڵاوکردنەوەی لێدوان و ڕوونکردنەوەی دژ بە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕاستای سیاسەتەکانی ترامپ بە مەبەستی گوشاری ئابووریی بۆ سەر ڕێژیمی تاران، هاوکاری ترامپ بن.

لە مانگەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک تویت، لە لایەن بەرپرسانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە دژ بە ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای مەحکوومکردنی کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە و پشتگیریی خەڵکی ئێران، بڵاو کراونەتەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لەوە کردووە، کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دامەزراندنی ئەو کەمپەینەیان ڕەت کردووەتەوە، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکایش هەتاکوو ئێستا ئامادە نەبوون لەو بارەوە ڕوونکردنەوەیەک بدەن.